سوپای ئیسرائیل: مووشەکێکی حووسییەکانمان خستە خوارەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان ڕێگری لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوو.
ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل مووشەکەکەی خستووەتە خوارەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی چالاک نەکراوە، ئەمەش بەپێی پرۆتۆکۆلی پەیڕەوکراو بووە. سەرەڕای ئەمەش، دانیشتووانی ناوەڕاستی ئیسرائیل گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون.
هەرچەندە هیچ لایەنێک دەستبەجێ بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشە دیاریکراوە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەمە بەشێکە لە زنجیرە هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. حووسییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن، ئەمەش لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023وە ئەوان دەڵێن کە ئەم هێرشانە وەک پاڵپشتییەکە بۆ گەلی فەڵەستین و حەماس.
جگە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، حووسییەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە لە دەریای سووردا هاتوچۆ دەکەن و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە