مەزاری دڵداری شاعیر بووەتە شوێنێکی گەشتیاری؛ خانووەکەیشی نۆژەن دەکرێتەوە
لە شاری کۆیە، مەزاری شاعیری نەتەوەیی کورد، یونس ڕەئووف ناسراو بە 'دڵدار'، بووەتە یەکێک لە شوێنە گرنگەکان کە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی سەردانی دەکەن. ئەمەش وایکردووە کە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری کۆیە، سەردانیکردنی مەزارەکە بخاتە ناو بەرنامەی گەشتیاریی خۆیەوە.
لە گۆڕستانی 'کەپکەکوون' لە بەرزاییەک کە دەڕوانێتە سەر شاری کۆیە، دوایین مەنزڵگەی شاعیری گەورەی کورد، دڵدار، هەڵکەوتووە. دڵدار، خاوەنی هۆنراوەی بەناوبانگی "ئەی ڕەقیب"ـە کە بووەتە مارشی نەتەوەیی کورد. ئەو لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 1948 بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد و لە هەولێر بەخاکسپێردرا.
ساڵی 2004، ڕوفاتەکەی لەگەڵ هەردوو کێلی گۆڕەکەی هێندرانەوە بۆ زێدی خۆی لە کۆیە و لە مەراسیمێکدا لە شوێنێکی شایستە لە گۆڕستانی کەپکەکوون بەخاک سپێردرایەوە. ساڵی 2017 مەزارەکەی نۆژەنکرایەوە و دیوارێکی ڕووپۆشکراو بە بەردی مەڕمەڕ بە دەوریدا دروستکرا. لەسەر دیوارەکە وێنەیەکی دڵدار و هۆنراوەی "ئەی ڕەقیب" و چەند هۆنراوەیەکی دیکەی بە نەخش هەڵکەندراوە.

مەزاری دڵدار نەک تەنها بۆ گەشتیارانی ناوخۆ، بەڵکو بۆ گەشتیارە بیانییەکانیش بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش. ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر گروپێکی گەشتیاری، چ ناوخۆیی بێت یاخود بیانی، کە سەردانی شارەکە دەکات، مەزاری دڵدار یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە بەرنامەی سەردانەکەیاندا دادەنرێت.
هۆنراوەکانی دڵدار کە پڕن لە خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و لەلایەن چەندین هونەرمەندی کوردەوە کراونەتە گۆرانی، هۆکارێکی دیکەن بۆ ئەوەی خەڵکی و گەشتیاران سەردانی مەزارەکەی بکەن.

جگە لە مەزارگەکەی، هەوڵ هەیە بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی دیکەی پەیوەست بەم شاعیرە. یەکێتی واجید، لە فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپووری کۆیە، ئاماژەی بەوەدا کە پلانیان هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی دڵدار کە دەکەوێتە گەڕەکی بەفری قەندی. بۆ ئەم مەبەستە بڕی 200 ملیۆن دینار تەرخانکراوە تا لە داهاتوودا وەک شوێنێکی کەلەپووری پێشوازی لە میوانان و گەشتیاران بکات.