پێنج زانیاری ناڕاست لەبارەی کۆرۆنا کە زۆر بڵاون
ئەم راستییانە لەبارەی کۆرۆنا دروست نین
K24- هەولێر:
لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، چەندین قسە و زانیاری ناڕاست لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکراوەتەوە.
تێدرۆس ئادهانۆم گێبرێسوس، بەڕێوەبەری گشتی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، یەکێک لە مەترسییەکانی کۆرۆنا ئەو هەموو زانیاری و چارەسەرە هەڵانەن کە خەڵکی بڵاویان دەکەنەوە.
پێنج لەو دەنگۆیە ناڕاستانە ئەمانەی خوارەوەن:
تەنها خەڵکی بە تەمەن مەترسیان لەسەرە
یەکێک لەوان سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، بوو کە رایگەیاند خەڵکی بە تەمەن و نەخۆش دەکرێت بە کۆرۆنا بمرن، بەڵام ئەمە راست نییە.
بەگوێرەی دواین ئاماری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکرن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا، 20% ئەوانەی نەخۆشییەکەیان بە تووندی گرتووە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 29 ساڵدایە.
ماسک لە کۆرۆنا ناتپارێزێت
ماسک سوودی زۆرە و هەموو ئەو قسانەی باس لە بێ کەڵکی ماسک دەکرێن، هیچ بنەمایەکیان نییە.
د. ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نیشتمانی نەخۆشییە گوازراوەکان و هەستیاریی لە ئەمەریکا دەڵێت، 45% ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا دەبن هیچ نیشانەیەکییان نییە، بۆیە گرنگە هەمیشە ماسک بەکاربهێنرێت.
دەشڵێت، هەندێکجار ڤایرۆسەکە دەچێتە هەواوە و لەوێوە دەگوازرێتەوە بۆیە مەرج نییە تەنها لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی ماسک بەکاربهێنین.
تەنها لەو کەسانە تووشی کۆرۆنا دەبی کە نیشانەیان هەیە
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی واشنتن، یەک کەس کە نیشانەی نییە دەکرێت لە ماوەی دوو کاتژمێر 61 کەس تووشی کۆرۆنا بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانەی هیچ نیشانەیەکییان نییە دەکرێت هاوشێوەی کەسێک کە نیشانەی هەیە ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە.
کۆرۆنا هاوشێوەی هەڵامەتێکی ئاسایی وایە
لەمەشیان سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆرۆنا هاوشێوەی هەڵامەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەمەش راست نییە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، تەنها لە ئەمەریکا، بە بەروارد بە ساڵی رابردوو، 200 هەزار کەس زیاتر بەهۆی ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەم ژمارەیەش، تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنایە بۆیە کۆرۆنا کووشندەترە لە هەڵامەت.
ئەم زستانە هەموو کەسێک ڤاکسینی کۆرۆنای دەستدەکەوێت
ئەگەرچی رەنگە ڤاکسینی کۆرۆنا لەمساڵدا بدۆزرێتەوە و لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەند بکرێت، بەڵام ئەگەری زۆرە نەگاتە دەست هەموو کەسێک و ئەم پرۆسەیە زۆر بخایەنێت.