گوتەبێژی حکوومەتی ئێران: ئێستا هیچ بەرنامەیەکمان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا نییە

لەم ڕۆژانەی دواییدا، کە جارێکی دیکە دەنگۆی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بڵاو بووەتەوە، فاتمە موهاجیرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند، ئێستا هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراومان بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان نییە.

موهاجیرانی، ئاماژەی بە دیدگەی بنەڕەتیی حکوومەت دەربارەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کرد و تیشکی خستە سەر هەڵوێستی ئێران لە وەرگرتنی گەرەنتیی ئاسایش لە ئەمەریکا، ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و توانای دەزگەی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافەکانی وڵات.

گوتەبێژی حکوومەتی ئێران گوتی: وەک پێشتر وەزیری دەرەوە ئاماژەی پێ دا، ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ دانوستان لە ئارادا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە سەرنجی ئەوە بدرێت کە دانوستان و شەڕ، هەردووکیان ستراتیجین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرژەوەندیی نیشتمانی و قازانجی وڵات؛ بۆیە نابێت وەک بابەتێکی قەدەغەکراو تەماشا بکرێن.

موهاجیرانی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دەزگای دیپلۆماسیی ئێران نیشانی داوە هەر کاتێک ویستێک بۆ چارەسەرکردنی بابەتێک هەبێت، بە توانا و شارەزاییەکی زۆرەوە بەشداری دانوستان دەکات.
ئێمە وەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە، لە ئەگەری دانوستاندا، لەسەر هەڵوێستەکانی خۆمان سوور دەبین، بە تایبەتی مەسەلەی پیتناندنی یۆرانیۆم، چونکە ئەوە مافی ئێمەیە و بووەتە بەشێک لە پێشکەوتنی زانستیی ئێران. 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment