ئێران بە هاوکاری چین و ڕووسیا هەوڵی ڕێگریکردن لە گەمارۆکانی ئەورووپا دەدات

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ چین و ڕووسیا کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە گەمارۆیە ئەگەرییەکانی ئەورووپا. عراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران گوتی: "ئەگەر ئەوە ڕووبدات، کاریگەریی نەرێنی دەبێت، ئێمەش لەگەڵ چین و ڕووسیا کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەین."
گوتیشی: "گومانی تێدا نییە کە دەبێت چارەیەک بدۆزرێتەوە و ڕێگری لە میکانیزمی سناپباک بکرێت،" جەختیشی کردەوە کە تاران تا دوا خولەک لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوروپییەکان دەسەڵاتی تاوتوێکردن یان کاراکردنی هیچ بەشێکی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەیان نییە.
ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناسراون، هۆشدارییان داوەتە ئێران کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئابی 2025، چارەیەکی دیپلۆماسی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەدۆزرێتەوە، ئەوا میکانیزمی گەڕاندنەوەی گەمارۆکان کارا دەکەنەوە. ئەم هەڵوێستە لە نامەیەکدا هاتووە کە سێ وڵاتەکە ڕۆژی سێشەممە، ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە لە نامەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، "ئەگەر ئێران تا کۆتایی مانگی ئاب بەدوای چارەسەری دیپلۆماسییەوە نەبێت، یان دەرفەتی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە نەقۆزێتەوە"، ئەوا "ئامادەن بۆ کاراکردنی میکانیزمی سناپباک." ئەم میکانیزمە ڕێگە بە سەپاندنەوەی سەرجەم سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بەسەر ئێراندا. فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لایەنی سەرەکیی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ن لەگەڵ ئێران، کە لە ئۆکتۆبەری داهاتوودا کۆتایی دێت، و دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە داوای گەڕاندنەوەی سزاکان بکەن لە ئەنجوومەنی ئاسایش.