ترەمپ: ڕێگە نادەم پوتن یاریم پێبکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جەختی کردووەتەوە، لە میانی لوتکەکەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕێگە نادات هاوتا ڕووسییەکەی "یاریی پێبکات". هاوکات ڕایگەیاندووە، هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە ئۆکرانیا، دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا بێت کە کیێڤ بەشداری تێدا بکات.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی گوتی: "من سەرۆکم، ئەو ناتوانێت یارییم پێبکات." ئاماژەی بەوەش کرد، لە خولەکەکانی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دەزانێت کە ئایا دیدارێکی "باش" یان "خراپ" دەبێت. ئەگەر خراپ بێت، بە خێرایی کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر باش بێت، "لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئاشتی کۆتایی دێت."

هەروەها بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەم کۆبوونەوەیە تەنها بناغەیەکە بۆ دیدارێکی دووەم و ئەگەری سەرکەوتنی لەسەدا 25 دەبێت.

سەرەڕای ئەمەش، ترەمپ جەختی کردووەتەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئۆکرانیا ناکات و ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی دووەم زۆر گرنگ دەبێت، چونکە لەوێدا گرێبەستەکە دەکرێت."

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی جەختی کردەوە، هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوو دەبێت گەرەنتیی ئەمنیی تەواو بۆ ئۆکرانیا لەخۆبگرێت و گەشبینیی خۆی سەبارەت بە ئەنجامەکانی لوتکەی ئالاسکا نیشان دا.

بڕیارە پوتین لەسەر بانگهێشتی ترەمپ سەردانی ئالاسکا بکات، کە دەبێتە یەکەم سەردانی بۆ وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022،. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە نیگەرانی لەلای سەرکردەکانی ئەورووپا دروست بووە، نەوەک ترەمپ ڕێککەوتنێک لەگەڵ پوتندا بکات و بەسەر ئۆکرانیادا بیسەپێنێت.

شایەنی باسە، ترەمپ پێشتریش سەرسامیی خۆی بە پوتن نیشان داوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، بەتایبەت دوای لوتکەکەی هێلسنکی لە ساڵی 2018، کاتێک لایەنگریی لێدوانەکانی پوتنی کرد، دژی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی 2016.

لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کە بانگهێشتی لوتکەکە نەکراوە، دیدارەکەی بە "پاداشتێک بۆ پوتین" وەسف کردووە و ڕەتیکردووەتەوە دەستبەرداری هیچ خاکێکی وڵاتەکەی ببێت.

مەرجەکانی ئەمەریکا

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment