نەعیم قاسم: بڕیاری حکوومەتی لوبنان بۆ چەک داماڵین، دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025،  ڕایگەیاند، بڕیاری حکوومەتی لوبنان بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ. ناوبراو حکوومەتی لوبنانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە ئاگاداری یان بەبێ ئاگاداری، خزمەت بە پڕۆژەی ئیسرائیل دەکات" و داوای کرد سوپای لوبنان نەکرێتە بەشێک لەم ناکۆکییە.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکیدا لە شاری بەعلبەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت و گوتی: "چۆن دەتوانن قبووڵی بکەن حکوومەتێک ئاسانکاری بۆ کوشتنی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا بکات؟" هەروەها گوتیشی: "ئێوە هەوڵی پاراستنی لوبنان نادەن، بەڵکو لەسەر حیسابی ژیانی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا، ژیانی خۆتان دەپارێزن."

جەختیشی کردەوە، ئەرکی حکوومەت بنیاتنانی وڵاتە، نەک تەسلیمبوون بە ئیسرائیل و ئەمەریکا. 

نەعیم قاسم، ئاماژەی بە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئەی گەلی خاوەن سەروەری و قۆرخکاریی چەک، ئایا نەتانبینی سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل لە خاکی ئێمەدا پیرۆزبایی لە سەربازەکانی بکات لەسەر ئەم داگیرکارییە و بەڵێنی زیاتریان پێبدات؟ ئایا قسەکانی ناتانیاهۆتان نەبیستووە سەبارەت بە 'ئیسرائیلی گەورە'؟"

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا پێی وایە "حکوومەت فەرمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە حزبوڵڵا جێبەجێ دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێی ناوخۆیی." 

هەروەها بڕیارەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کرد کە "پەیمانی نیشتمانی پێشێل دەکات، ئاسایشی نیشتمانی تێکدەدات، پێکەوەژیان دەشێوێنێت و وڵات بەرەو قەیرانێکی زۆر گەورە دەبات."

لە کۆتاییدا، نەعیم قاسم، هەڵوێستی حزبوڵڵای ڕاگەیاند و گوتی: "حزبوڵڵا چەکەکانی خۆی تەسلیم ناکات، ئەگەر پێویست بکات شەڕ دەکەین و دڵنیاین کە سەردەکەوین." لە هەمان کاتدا ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنێک لە نێوان حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەلدا هەیە بۆ دواخستنی بیرۆکەی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان.

نەعیم قاسم، سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد "بۆ پاڵپشتیکردنی بە پارە، چەک، هەڵوێستی سیاسی و شەهیدان" و لە بەرامبەردا ڕەخنەی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی گرت کە "پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن لە لێدانی حزبوڵڵا".

گوتیشی: تاران بە میدیا، پارە و چەک پشتیوانی ئێمەی کردووە.