پاکستان.. بەهۆی بارانی بەخوڕ 180 کەس گیانیان لەدەستدا

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی حکوومەتی پاکستان، ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025،  ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 54 کەس بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ گیانیان لەدەستداوە و 227 کەسی دیکەش برینداربوون. گوتەبێژی دەسەڵاتەکە ڕایگەیاند، زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدان لە هەرێمی پەنجاب بووە.

بەپێی ئامارەکان، بەم دواییە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە لە 26ـی حوزەیران گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە نزیکەی 180 کەس، کە 70 کەسیان منداڵن. هەروەها نزیکەی 500 کەسیش بریندار بوون. زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی ڕووخانی سەقف و دیواری ماڵەکانیان، خنکان لەناو لافاو، یان شۆرتی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.

لە شاری ڕاوالپندی، نزیک ئیسلام ئابادی پایتەخت، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی ڕووبارێک، داوا لە دانیشتووانی نزیک ڕووبارەکە کراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. حکوومەتی ڕاوالپندی ڕۆژی پێنجشەممەی وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هۆشداریدا کە بارانبارینی بەخوڕ تا ئەمڕۆ هەینی بەردەوام دەبێت و ئەگەری لافاوی زیاتر لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا لە ئارادایە. دەسەڵاتداران داوا لە دانیشتووانی ناوچە مەترسیدارەکان دەکەن کە پێداویستی فریاگوزاریی سەرەتایی، خۆراک، ئاو و دەرمان بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج ڕۆژ ئامادە بکەن.

پاکستان بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، و دانیشتووانەکەی کە ژمارەیان 255 ملیۆن کەسە، ساڵانە ڕووبەڕووی ڕووداوی توندی کەشوهەوا دەبنەوە. جێی باسە، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی زریانی توندەوە 32 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.

لە ساڵی 2022دا، لافاوە وەرزییەکان بوونە هۆی ژێرئاوکەوتنی یەک لەسەر سێی خاکی پاکستان و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1700 کەس.