ترەمپ: گفتۆگۆی بەرهەمدار و بنیاتنەرمان کرد، بەڵام نەگەیشتینە ڕێککەوتن

دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، کۆبوونەوەکەیان بە بنیاتنەر و بەرهەمدار وەسفکرد و گفتوگۆکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕاگەیاند، لەو کۆبوونەوەیە "10 بە 10" بووین.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەر لە گوتەکانی بۆ فۆکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا ئامۆژگاری هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا ڕێککەوتن بکات.
جەختیشی کردەوە، دەبێت ئۆکرانیا ڕازی بێت، ڕەنگە ڕازی نەبێت، ئامۆژگاری من بۆ زێلینسکی ئەوەیە کە ڕێککەوتن بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامۆژگارییەکانی بۆ زێلێنسکی، ترەمپ گوتی "بەڵێ دەبێت ڕێککەوتن بکەیت، ڕووسیا زۆر بەهێزە و ئەوان سەربازی گەورەن."
ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، "نەگەیشتوینەتە ڕێککەوتنی کۆتایی"، بەڵام زۆر خاڵ دانوستانیان لەسەر کراوە. گوتیشی: زۆر ڕاستگۆیانە لەگەڵ پوتن قسەی کردووە، "یەک یان دوو خاڵی گرنگ ماوە کە لەسەری ڕێکبکەوین".
دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، دەشڵێت: سوپاسی ترەمپ دەکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ لووتکەی ئالاسکا.
پوتن ئاماژەی بەوەش دا، ڕووسیا و ئالاسکا تەنیا بە گەرووی بێرینگ لەیەکتر جیاکراونەتەوە و هەردوو وڵات دراوسێی نزیکن، گوتیشی: بەشێکی زۆری مێژووی هاوبەشی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا پەیوەستە بە ئالاسکاوە.
پوتن دەشڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لە دوای جەنگی ساردەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزی، ماوەیەک وای لێهات هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا نەما.
سەرۆکی ڕووسیا، ڕوونیشی کردەوە، دەبوو گفتوگۆ لەنێوان سەرکردەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەستی پێ بکردایە، پێویست بوو هەنگاو بنێن بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ڕوونەدات، گوتی: زیاتر لە چوار ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی لووتکەی ڕووسیا و ئەمەریکا ئەنجام نەدراوە، ئەمەش ماوەیەکی زۆرە.
لەباسی ئاشتی ئۆکرانیا پوتن ئەوەی پشتڕاستکردەوە، ئەوان ئامادەیی ئیدارەی ترەمپ دەبینن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا، هەروەها ڕووسیاش لە دڵەوە ئارەزووی کۆتاییهێنان بە کێشەی ئۆکرانیا دەکات.
سەرۆکی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، دۆخی ئێستای ئۆکرانیا کارەسات و ئازارێکی گەورەیە بۆ ڕووسیا، بۆیە پێشبینی دەکەین کیێڤ ڕێگری نەکات لە یەکلاییکردنەوەی دۆخەکە و بەدیهێنانی ئاشتی. دەشڵێت: گرنگە ڕووسیا و ئەمەریکا هاوکاریی یەکتر بکەن. بۆیە ئامانجی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە لووتکەی ڕووسیا و ئەمەریکا گەیشتن بوو بە دەرئەنجامێک.
ڤلادیمێر پوتن جەختی کردەوە، ئەگەر ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوایە، هیچ ململانێیەک لە ئۆکرانیا دروست نەدەبوو، بۆیە زۆر پێویستمان بە کۆبوونەوەی تایبەتی نێوان خۆمان و ئەمەریکا بوو. هەروەها پەیوەندیی و متمانە لەنێوان ئێمە و ترەمپ هەیە، پێشتریش لەسەر ئەو ڕێگایە بەرەو پێشەوە هەنگاومان ناوە، بۆیە دەرفەتێک هەیە، هەرچەندە ئەو دەرفەتە زووتر بقۆزرێتەوە باشترە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ئۆکرانیا.
پوتن دەشڵێت: هیوادارم ڕێککەوتنەکانی دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا ببنە بناغەیەک، بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.
هەینی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
کارۆڵاین لێڤێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لە کۆبوونەوکەدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بەشدار دەبن، باسی لەوەش کرد، پێش کوبوونەوەکە هەر دوو شاندەکە نیوەڕۆخوانێک بەیەکەوە دەخۆن.
کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی کرێملن بڵاوی کردەوە، هەریەک لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، و یوری ئوشاکۆڤ، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پوتن، لە کۆبوونەوە مێژووییەکەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، یاوەریی ڤلادیمیر پوتن دەبن.
هاوکات دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا، هەر دوو سەرۆکەکە بە تەنیا کۆبوونەوە.