پارتی خەبات بۆ ناساندنی کێشەی کورد لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیدا دەکات

ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمردا تێپەڕ دەبێت، پارتێك کە لەسەر بنەمای باوەڕ بوون بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان، دەستی بە خەباتی سیاسی و چەکداریی کرد.

لەدوای شۆڕشی دووەمی بارزان،هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە (16ـی ئابی ساڵی 1946 ) بەسەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دامەزرا، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانیی جەماوەرییە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە، بە شێوازە دیموکراسی و مەدەنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕو و ڕێبازی مستەفا بارزانی تێدەکۆشێت. 

ئامانج لە دامەزراندنی پارتی

پارتی دیموکراتی کوردستان 79 ساڵە لەپێناو خەباتی گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان تێدەکۆشێت و خەبات بۆ ناساندنی کێشەی کورد لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی دەکات. 

ساڵی 1946، لە بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و (مستەفا بارزانی) بە سەرۆک هەڵبژێردرا، شێخ لەتیفی حەفید و کاکە زیادی کۆیە کرانە جێگرانی سەرۆک، ساڵی 1979، پارتی دیموکراتی کوردستان نۆیەم کۆنگرەی خۆی بەست و سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژارد کە لە ساڵی 1980 تاوەکو ساڵی 1991، سەرکردایەتی چەندین داستانی دژ بە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق، کردووە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پێکهێنانی بەرەی کوردستان، ڕابەرایەتی مەیدانی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانی لە ساڵی 1991 کرد.

دوو یادی مێژوویی لە ڕۆژێکدا

لەگەڵ یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانیشە، سەرۆک بارزانی لەدایکبووی 16ـی ئابی ساڵی 1946ـە، لە مەهاباد ، ساڵی 1947 لەمەهابادەوە دەگەڕێندرێتەوە باشووری کوردستان،  ساڵی 1961 بەناچاری خوێندن جێدەهێڵێت، ساڵی 1962 دەبێتە پێشمەرگە، لەساڵی 1970 ئەندامی شاندی دانوستانکاری شۆڕش- حکوومەت بووە، ساڵی 1970 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردرا، ساڵی 1979 بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا  ساڵانی 1980-1987 ڕۆڵی بنچینەیی لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی گێڕا، ساڵی 1988 فەرماندەی گشتی داستانی خواکوڕکی کردووە ، ساڵی 1991 رابەری مەیدانی راپەڕینی گەلی کوردستان بووە ، 7ـی نیسانی1991 سەرپەرشتی داستانی کۆڕێی کردووە، لە ئاداری 1991 داوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی و دامەزراندنی حکوومەتی کردووە، لە هەڵبژاردنی 1992خۆی بۆ رێبەرایەتی هەڵدەبژێرێت و دەنگی یەکەم بەدەستدەهێنێت،  لە حوزەیرانی1991 خەڵاتی ئاشتی بە گەلی کوردی پێبەخشراوە، لە نیسانی2004 سەرۆکی ئەنجوومەنی حووکمی عێراق بووە،  لە 14ـی حوزەیرانی2005 بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، لە 25ـی ئەیلوولی2017 ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی باشووری کوردستان سازدا، لە کۆنگرەی 14ـەمی پارتی بەسەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

هەر بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەینی 15ـی ئابی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەدا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا پیرۆزبایی لە جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، پارتی لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارە بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوە کرد، بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارە بکرێن. هەروەها جەختی لەسەر پرەنسیپەکانی شەراكەت، تەوازون و تەوافووق بۆ چارەکردنی كێشەكان لە عێراقێکدا کردەوە.

مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک بارزانی: خۆزگە هەموومان دەمانتوانی لە ئاستی گەورەیی جەنابت خزمەت بکەین

هەر بەم بۆنەوە، هەینی 15ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ڕۆژی لە دایکبوونی لە سەرۆک بارزانی کرد.

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، جەژنی لە دایکبوونی باوک، سەرۆک، ڕابەر، پێشمەرگەی کوردستان و ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەموومان و بە تایبەتی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز بێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک بارزانی هاتووە، ئاواتەخوازم خوای گەورە بتانپارێزێت و تەندروست بن، خۆزگە هەموومان دەمانتوانی لە ئاستی گەورەیی جەنابت خزمەت بکەین.

هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت: بەڵێن بێت ڕێباز، فەرمان، دید و بۆچوونەکانی جەنابت، بۆ کوردستانێکی ئازاد، ئارام، سەقامگیر، خۆشگوزەران و دادپەروەر بکەینە بەرنامەی کاری ڕۆژانە و ئەرکی نیشتمانیی خۆمان.

لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک بارزانی هاتووە، هەر بمێنیت بۆمان، هەر لە لووتکەی سەرکەوتندا بیت و پارتیش هەر لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامدا بێت.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ 16ـی ئابی ساڵی 1946 له‌ شاری ساپلاغی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دایكبووه‌ و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌ستی نیشتمانپەروەریی له‌ دڵیدا خوڵقاوه‌.

له‌ 11ـی ئه‌یلوولی ساڵی 1961 و ده‌ستپێكی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول، سه‌رۆك بارزانی، به‌ ناچاری ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌كه‌ی ده‌بێت و له‌ 20ـی ئایاری ساڵی 1962 له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای خه‌باتی چه‌كداری، سه‌رۆك بارزانی، له‌ خه‌باتی سیاسیش به‌رده‌وام بووه‌، یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ئاوێته‌بوونی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری، ڕێككه‌وتنی 11ـی ئاداری ساڵی 1970 بوو كه‌ ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی لێ به‌رهه‌م هات. له‌و ڕێككه‌وتنه‌شدا سه‌رۆك بارزانی، ڕۆڵی به‌رچاوی له‌ شاندی دانوستانكاردا هه‌بووە.