چوارەمین فێستیڤاڵی هەنجیر و بەرهەمە خۆماڵییەکانی تەقتەق بەڕێوەچوو
چوارەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی هەنجیر لە قەزای تەقتەق، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان، گەشتیاران و بەرپرسانی حکوومی، بەڕێوەچوو. فیستیڤاڵەکە، بووە دەرفەتێک بۆ جووتیارانی ناوچەکە تا بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان، بەتایبەت هەنجیر، نمایش بکەن و بیفرۆشن.
لە فیستیڤاڵەکەدا نزیکەی 15 تۆن هەنجیر نمایش کرا و زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار سەردانیان کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی جووتیاران لە کاتژمێرەکانی یەکەمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، بەرهەمەکانیان بفرۆشن. جگە لە هەنجیر، دەیان بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی و کاری دەستی ناوچەکەش نمایش کران، وەک سرکەی سێوی سروشتی و جۆرەها میوەی تر.
یەکێک لە بەشداربووان ئاماژەی بەوەدا، ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە زۆر گرنگن بۆ ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان بە کوردستان. هەروەها گوتیشی، "فیستیڤاڵەکە بە ناوی هەنجیرەوەیە، بەڵام هەموو بەرهەم و کاری دەستی تێدایە."
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی فیستیڤاڵەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە چالاکیانە هەم دەبنە هۆی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران و هەمیش گەشتیاران بۆ ناوچەکە ڕادەکێشن. ئەو گوتی، "خۆشحاڵم دەبینم زۆربەی بەرهەمەکان فرۆشراون و بازاڕێکی باش بۆ جووتیارەکانمان دابین کراوە."
شایەنی باسە، وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ چوارەمین ساڵە ئەم فیستیڤاڵە لە تەقتەق ڕێک دەخەن. ئامانجە سەرەکییەکانیشی بریتین لە ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی جوتیاران و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان.
بە گوتەی بەرپرسانی قەزاکە، فیستیڤاڵەکانی پێشوو سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە و وایانکردووە، هەنجیری تەقتەق لە بازاڕەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیش خواستی زۆری لەسەر بێت.