قوباد تاڵەبانی: هیوادارم یادی دامەزراندنی پارتی ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان

سەرۆک بارزانی و قوباد تاڵەبانی
سەرۆک بارزانی و قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی لە یادی دامەزراندنی پارتیدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت "هیوادارم ئەم یادەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان."

شەممە، 16ـی ئابی 2025، بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.

لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هیوای خواستووە کە ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ڕایگەیاند: "بەهیواین ئەم یادە ببێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ هەوڵێکی دەستەجەمعی یەکخستنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ تەبایی و ئاشتی و بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی گەلەکەمان."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی 16ی ئابی ساڵی 1946 لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی لە شاری مەهاباد دامەزراوە. ئەم ڕۆژە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی 16ـی ئاب گرنگییەکی تایبەتی هەبێت بۆ ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە.

بنەما و ئامانجە سەرەکییەکانی پارتی:

یەکەم: وەک پارتێکی دیموکراتی، جەماوەری و پێشکەوتنخواز، پارتی نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد و گەلی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا دەکات. پارتی پشت بە ڕێبازی بارزانیی نەمر دەبەستێت و باوەڕی بە مافی چارەنووسی گەلی کورد هەیە و لە پێناو مافە ڕەواکانیاندا تێدەکۆشێت.

دووەم: پارتی باوەڕی تەواوی بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و گەل بە سەرچاوەی دەسەڵاتەکان دەزانێت. پارتەکە کار بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتەکان دەکات بەپێی بنەما دیموکراسییەکان، کە خۆیان لە کێبڕکێی ئاشتیانەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەوریدا دەبیننەوە.

سێیەم: لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، پارتی وەک پارتێکی دیموکراتیخواز کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی فیدڕاڵی دەکات. ئەمەش لەسەر بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و بەشداریی کارا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵدا.

چوارەم: پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت. هەروەها خەبات دەکات بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان دامەزرابێت، بێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان.

پێنجەم: پارتی باوەڕی بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە. لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەما چەسپاوەکانی مافی گەلان لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا لە ناوچەکەدا بژین و زەمینەی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment