ترەمپ ئەنجامی لووتکەی ئالاسکای بە سەرکردەکانی ئەورووپا ڕاگەیاند، 'زێلێنسکی'ـش دەچێتە واشنتن

ئەمرۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەنی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە، ئەمەش دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ زێلێنسکی کردووە و بۆ ماوەیەکی زۆر قسەیان کردووە، هەروەها لەگەڵ سەرکردەکانی ناتۆش قسەی کردووە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆناڵد ترەمپ لەناوفڕۆکەکەی لەکاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن، "پەیوەندییەکی درێژی" لەگەڵ زێلێنسکی کردووە.

هەروەها گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پشتڕاستی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرکردەکانی ئەورووپای لە ئەنجامی کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا لەگەڵ پوتن ئاگادار کردۆتەوە.

هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، ترەمپ بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک لەگەڵ زێلنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا قسەی کردووە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پێ ڕاگەیاندوون.  

ئاماژەی بەوەش داوە، "پەیوەندییەکەی نێوان ترەمپ و زێلینسکی و سەرکردەکانی ناتۆ ئاسان نەبووە"، دەشڵێت: "زیلێنسکی ڕۆژی دووشەممە دەچێتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری زێلێنسکییەوە نووسیویەتی: دەبێت ئەورووپا لە هەموو قۆناغەکاندا بەشێک بن لە دانوستانەکان.

لەوبارەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەمرۆ شەممە لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی، ئۆکرانیا ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

ڕوونیشی کردووەتەوە، "ئێمە پشتگیری لە پێشنیازی ترەمپ دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا و ڕووسیا" . دەشڵێت: "دەتوانرێت پرسە سەرەکییەکان لەسەر ئاستی سەرکردەکان تاوتوێ بکرێن و لووتکەی سێ قۆڵی بۆ ئەمە گونجاوە".

زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، ترەمپ کورتەیەک لە "خاڵە سەرەکییەکانی" دانوستانەکەی لەگەڵ پوتن پێ ڕاگەیاندووە، گوتیشی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا باسیان لە "خاڵە ئەرێنییەکان" لە ئەمەریکاوە کردووە سەبارەت بە گەرەنتییە ئەمنییەکان.

هەروەها زێلینسکی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ڕۆژی دووشەممە گەشتی واشنتن دەکات و لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی "کۆتاییهێنان بە کوشتن و شەڕ" دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕاگەیاند، لەو کۆبوونەوەیە "10 بە 10" بووین.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد،  لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.

هەر لە گوتەکانی بۆ فۆکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا ئامۆژگاری هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە  شەڕی ئۆکرانیا ڕێککەوتن بکات.

جەختیشی کردەوە، دەبێت ئۆکرانیا ڕازی بێت، ڕەنگە ڕازی نەبێت، ئامۆژگاری من بۆ زێلینسکی ئەوەیە کە ڕێککەوتن بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامۆژگارییەکانی بۆ زێلێنسکی، ترەمپ گوتی "بەڵێ دەبێت ڕێککەوتن  بکەیت، ڕووسیا زۆر بەهێزە و ئەوان سەربازی گەورەن."

ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، "نەگەیشتوینەتە ڕێککەوتنی کۆتایی"، بەڵام زۆر خاڵ دانوستانیان لەسەر کراوە. گوتیشی: زۆر ڕاستگۆیانە لەگەڵ پوتن قسەی کردووە، "یەک یان دوو خاڵی گرنگ ماوە کە لەسەری ڕێکبکەوین".

 دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، دەشڵێت: سوپاسی ترەمپ دەکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ لووتکەی ئالاسکا.

پوتن ئاماژەی بەوەش دا، ڕووسیا و ئالاسکا تەنیا بە گەرووی بێرینگ لەیەکتر جیاکراونەتەوە و هەردوو وڵات دراوسێی نزیکن، گوتیشی: بەشێکی زۆری مێژووی هاوبەشی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا پەیوەستە بە ئالاسکاوە.

پوتن دەشڵێت: پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لە دوای جەنگی ساردەوە بۆ نزمترین ئاست دابەزی، ماوەیەک وای لێهات هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا نەما.

سەرۆکی ڕووسیا، ڕوونیشی کردەوە، دەبوو گفتوگۆ لەنێوان سەرکردەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا دەستی پێ بکردایە، پێویست بوو هەنگاو بنێن بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ڕوونەدات، گوتی: زیاتر لە چوار ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی لووتکەی ڕووسیا و ئەمەریکا ئەنجام نەدراوە، ئەمەش ماوەیەکی زۆرە.

لەباسی ئاشتی ئۆکرانیا پوتن ئەوەی پشتڕاستکردەوە، ئەوان ئامادەیی ئیدارەی ترەمپ دەبینن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا، هەروەها ڕووسیاش لە دڵەوە ئارەزووی کۆتاییهێنان بە کێشەی ئۆکرانیا دەکات.

سەرۆکی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، دۆخی ئێستای ئۆکرانیا کارەسات و ئازارێکی گەورەیە بۆ ڕووسیا، بۆیە پێشبینی دەکەین کیێڤ ڕێگری نەکات لە یەکلاییکردنەوەی دۆخەکە و بەدیهێنانی ئاشتی. دەشڵێت: گرنگە ڕووسیا و ئەمەریکا هاوکاریی یەکتر بکەن. بۆیە ئامانجی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە لووتکەی ڕووسیا و ئەمەریکا گەیشتن بوو بە دەرئەنجامێک.

ڤلادیمێر پوتن جەختی کردەوە، ئەگەر ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوایە، هیچ ململانێیەک لە ئۆکرانیا دروست نەدەبوو، بۆیە زۆر پێویستمان بە کۆبوونەوەی تایبەتی نێوان خۆمان و ئەمەریکا بوو. هەروەها پەیوەندیی و متمانە لەنێوان ئێمە و ترەمپ هەیە، پێشتریش لەسەر ئەو ڕێگایە بەرەو پێشەوە هەنگاومان ناوە، بۆیە دەرفەتێک هەیە، هەرچەندە ئەو دەرفەتە زووتر بقۆزرێتەوە باشترە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی ئۆکرانیا.

پوتن دەشڵێت: هیوادارم ڕێککەوتنەکانی دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ئالاسکا ببنە بناغەیەک، بۆ چارەسەری قەیرانی ئۆکرانیا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment