پارێزگاری نەجەف: زیاتر لە 17 ملیۆن زیارەتکار هاتوونەتە شارەکە

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری نەجەف
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری نەجەف

پارێزگاری نەجەف ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی ڕاگەیاند کە بۆ بەشداریی لە چلەی 'ئیمام حوسێن' چوونەتە شارەکە و دووپاتی کردەوە، پلانەکەیان "سەرکەوتوو و بێ گرفت" بووە.  

شەممە، 16ـی ئابی 2025، یوسف گەنناوی، پارێزگاری نەجەف، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامار و چالاکییەکانی تایبەت بە چلەی 'ئیمام حوسێن'ـی ڕاگەیاند. 

بە گوتەی پارێزگاری نەجەف، زیاتر لە 17 ملیۆن زیارەتکار بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی 'ئیمام حوسێن' چوونەتە شارەکە. گوتیشی "ڕێوڕەسمەکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچوو. کامێرای چاودێری لە تەواوی شارەکەدا دانرابوو بۆ دابینکردنی ئاسایش."

هاوکات، ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئامارێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە زیارەتکاران کراوە بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە دابەش کراوە، کە بە تێکڕا هەر زیارەتکارێک ڕۆژانە نزیکەی 45 پەرداخی بەرکەوتووە. ئەمە جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک و کاروباری پاککردنەوە بەکارهاتووە.

هەروەها، ناوەندەکە لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، کە دەکاتە نزیکەی 5 ژەمی سەرەکی بۆ هەر زیارەتکارێک لە ڕۆژێکدا.

چلەی ئیمام حوسێن، کە لە زمانی عەرەبیدا بە "ئەربعین" ناسراوە و بە واتای "چل" دێت، یەکێکە لە گەورەترین کۆبوونەوە ئایینییەکانی جیهان. ئەم بۆنەیە 40 ڕۆژ دوای عاشورا، واتە ڕۆژی شەهیدبوونی 'ئیمام حوسێن'، نەوەی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) و سێیەم ئیمامی شیعەکان، بەڕێوەدەچێت. ئیمام حوسێن و یاوەرەکانی لە ساڵی 680ی زایینی لە شەڕی کەربەلادا شەهید کران.

ساڵانە، ملیۆنان موسڵمانی شیعە و هەروەها پەیڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکەش لە سەرتاسەری جیهانەوە بە پەرۆشەوە ڕوو لە عێراق دەکەن. زۆرێک لە زیارەتکاران بە پیادە گەشتێکی دوور و درێژ دەکەن، بەتایبەتی لە شاری نەجەفەوە، کە مەزاری ئیمام عەلی تێدایە، بەرەو شاری کەربەلا کە مەزاری ئیمام حوسێنی لێیە، بە درێژایی نزیکەی 80 کیلۆمەتر.

لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا، ئەنجامدانی گشتیی ئەم ڕێوڕەسمە قەدەغە بوو، بەڵام دوای ساڵی 2003، ژمارەی بەشداربووان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە دوو ملیۆن کەسەوە بۆ زیاتر لە بیست ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە.

لەسەر ڕێگای نێوان نەجەف و کەربەلا، هەزاران خێوەتگا و بنکەی خزمەتگوزاری کە بە "مەوکب" ناسراون، لەلایەن خۆبەخشانەوە دادەنرێن و بەخۆڕایی خواردن، خواردنەوە، شوێنی پشوودان و خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە زیارەتکاران دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment