پوتن: ئەمەریکا دەیەوێت پرسی ئۆکرانیا بە ئاشتییانە چارە بێت

سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی کردووە، کۆبوونەوەیەکی ڕاشکاو و گرنگیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کردووە. دەشڵێت: بە چارەکردنی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو جەنگە، هەموو کێشەکان چارە دەکرێن.
شەممە 16ـی ئابی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە (کرێملن) لە بارەی کۆبوونەوەی ئالاسکا گوتی: سەردانەکەم بۆ ئالاسکا بە سوود بوو و لە کاتی خۆیدا بوو. هاوکات گفتوگۆیەکەمان لەگەڵ ترەمپ، ڕاشکاوانە و جەوهەری بوو، هاوکات دەتوانم بڵێم لە بڕیارە دروستەکان نزیکمان دەکاتەوە.
پوتن دەشڵێت: ڕووسیا ڕێز لە هەڵوێستی ئەمەریکا بۆ چارەکردنی پرسی ئۆکرانیا بە ڕێگەی ئاشتییانە دەگرێت، بێگومان مۆسکۆش پشتگیری ئەو ڕێگایە دەکات.
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەشی دا، لە کۆبوونەوەکەی ئالاسکا دەرفەت هەبوو کە باس لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی دروستبوونی ئەو کێشەیە بکەن، چارەکردنی ئەو هۆکارانەش دەبنە هۆی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی هاتنی لووتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە فۆکس نیووزی ئەمەریکی ڕاگەیاندبوو، "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. گوتیشی: پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.