لاریجانی: دزەکردنی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران پرسێکی جددییە و دەبێت ڕووبەڕووی بینەوە

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دانی بەوەدانا کە پرسی دزەکردنی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران زۆر جددییە و دەبێ ڕووبەڕووی ببنەوە. بەڵام جەختی لەوە کردەوە، شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل هاوئاهەنگی نەتەوەیی لە ئێراندا هێنایە ئاراوە.

لاریجانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە خاڵی لاوازمان هەبوو، پرسی دزەکردنی دوژمن بۆ ناو ئێران زۆر ڕژدە و دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵی لاوازی بە ئازار هەبوو، بەڵام خاڵە بەهێزەکانیش هەبوون کە دوژمنیان گەیاندە ئاستێک کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، دوا ڕۆژەکانی شەڕ بۆ ئێمە و بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دۆزەخ بوو.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گوتیشی: بەڵام ئەمە نابێت بەرەو لووتبەرزیمان ببات، چونکە دوژمن لە خاڵە بەهێزەکانمان دەکۆڵێتەوە و شێوازی نوێ دادەڕێژێت و ئێمەش، نابێت خۆمان لە یەک میتۆد بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان سنووردار بکەین.

جەختیشی لەوە کردەوە، ڕێبازی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەسەر بنەمای ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوەیە، واتە تەسلیمبوون یان شەڕ و ئەمەش ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، ئێران دەیان هەزار کەسی دەستگیرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداران فەرمانیان بە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانەی کە یارمەتی ئیسرائیلیان داوە لە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەو وڵاتە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.