سەندیکایەکی ئەڵمانی داوای کەمکردنەوەی قازانجی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەکات

کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا
کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا

سەندیکای "ئای جی میتال"ی ئەڵمانی، کە گەورەترین سەندیکای کرێکارانە لە وڵاتەکەدا، داوای لە پشکدارانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا کردووە،  لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دابەشکردن و قازانجەوە، بەشداری لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەدا بکەن کە کەرتەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

کریستیانە بینێر، سەرۆکی سەندیکاکە، ڕایگەیاند: "پێویستە پێکەوە ئەم قەیرانە تێپەڕێنین، ئەم لێدوانانە، ئەم لێدوانەی بینێر لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا گەورەکانی وەک مێرسیدس-بێنز، بی ئێم دەبلیو و گروپی فۆلکس ڤاگن (کە پۆرش و ئاودیش لەخۆدەگرێت) دابەزینێکی بەرچاویان لە قازانجەکانیاندا ڕاگەیاندووە.

سەرەڕای ئەم دابەزینە لە قازانج، دابەشکردنی قازانجی فۆلکس ڤاگن ئەمساڵ گەیشتە 6.30 یۆرۆ بۆ هەر پشکێکی ئاسایی، لە کاتێکدا لە بی ئێم دەبلیو و مێرسیدس گەیشتە 4.30 یۆرۆ بۆ هەریەکەیان.

بینێر ئاماژەی بەوەدا "کێشەکان بەپێی کۆمپانیاکان دەگۆڕێن، بەڵام دۆخی کەرتەکە و کارمەندەکانی بە گشتی مەترسیدار،  هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لەوەی،  ئاستی فرۆش لە یەکێتی ئەورووپا هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش پەتای کۆرۆنا، ئەمەش وایکردووە کارگەکان بە تەواوی توانای خۆیان کار نەکەن.

هەروەها گوتیشی: "ئێمە لە ململانێیەکی سەختداین بۆ دڵنیابوون لەوەی، کارمەندەکان بە تەنیا باجەکەی نەدەن، جەختی لەوەش کردەوە، کێشەی ناوخۆیش هەن کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتی لەبارەوە هەڵبگرن.

سەرۆکی سەندیکای ئای جی میتال باسی لەوەش کرد،  پێویستە کۆمپانیاکان توانای خۆڕاگرییان بسەلمێنن و بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە بەرهەمەکانی داهاتوویان، گوتی:"ئەمە لە کۆتاییدا سوودی دەبێت، بەڵام ماوەیەکی سەخت دەبێت بۆ هەندێک کەسکە پێیدا تێپەڕ دەبن.

بینێر داوای داهێنان، هەروەها پشتیوانی سیاسەتی پیشەسازیی لە بەرلین و برۆکسل کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پارچەی یەدەگ، پێویستیان بە پشتیوانیی داراییە بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی بەشەکانیان، ئەورووپاش پێویستی بە پیشەسازیی پاتری تایبەت بە خۆیەتی.

لە کۆتاییدا، بینێر ڕایگەیاند:" هەلومەرجەکان بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هێشتا بەپێی پێویست نین، گوتیشی:" هاندان بۆ کڕین، ژێرخانی بارگاویی کردن، دابینکردنی ماددە خاوەکان و دووبارە بەکارهێنانەوە، ئەو پرس و کێشانەن کە دەبێت، سیاسەتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەورووپی چارەسەریان بکات."