مۆدی بۆ ترەمپ: هیچ سازشێک ناکەین زیان بە جووتیاران بگەیەنێت

نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان
نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان

نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ سازشێک قبوڵ ناکات کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی جووتیاران و ئاژەڵداران و ماسیگرەکانییەوە هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەدەست باجی گومرگی بەرزەوە دەناڵێنێت کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراوە لە دوای شکستهێنانی گفتوگۆ بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا.

نارێندرا مۆدی گوتی: "ئەگەر هەر سیاسەتێکی زیانبەخش هەبێت، ئەوا مۆدی وەک دیوارێک لەڕووی دەوەستێتەوە."

ئەم لێدوانانەی نارێندرا مۆدی دوای ئەوە دێن کە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باجی گومرگیی بە ڕێژەی 25 لەسەدی بەسەر هیندستاندا سەپاند، هاوکات باجێکی دیکەی گومرگیی بە ڕێژەی 25 لەسەدی وەک "سزایەک" بەسەر ئەم وڵاتە ڕاگەیاند لەبەر بەردەوامبوونی لە کڕینی نەوتی ڕووسیا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەورەترین بازاڕی هەناردەکانی هیندستانە.

مۆدی لە وتارێکدا بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی هیندستان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە هەموو بوارەکاندا پشتی بەخۆی بەستووە، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی وزە و بەرگریدا.

هیندستان، لەڕووی ئابوورییەوە لە وڵاتە گەشەسەندووەکانی جیهانە و پێویستی زۆری بە وزەیە، نزیکەی 80 لەسەدی پێداویستییەکانی نەوت هاوردە دەکات.

مۆدی ئاماژەی بە زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی پاک کرد، وەک وزەی خۆر، هایدرۆجینی سەوز، وزەی کارۆئاوی و ئەتۆمی، لە ڕێگەی وەبەرهێنان.

هەروەها باسی لە گەڕان بەدوای نەوتدا کرد لە ژێر دەریادا، گوتی:" هیندستان پشتی بە چەندین وڵات بەستووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە و پێویستی بە سەربەخۆیی هەیە لەم بوارەدا. 

مۆدی گوتی:" ملیارەها ڕوپیە کە لە هاوردەکردنی نەوتدا خەرج دەکرێت، دەکرێت بۆ گەشەپێدان بەکاربهێنرێت.