بە وەستانی ئێر کەنەدا، 700 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشێندرانەوە
هێڵی ئاسمانی کەنەدا ڕایگەیاند: بەنیازە گەشتە ئاسمانییەکانی لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە پیشەسازییەکانی کەنەدا لەسەر ڕێنمایی وەزیری کاری کەنەدا، پاتی هایدۆ، کۆتایی بەو مانگرتنەی کارمەندانی هێلە ئاسمانییەکان هێنا کە بووە هۆی ڕاگرتنی زیاتر لە 700 گەشتی ئاسمانی.
کۆمپانیا کەنەدییەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە، ئەنجوومەنی پەیوەندییە پیشەسازییەکانی کەنەدا ڕێنمایی داوەتە ئێر کەنەدا، گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێبکاتەوە و تیمەکانی ئەو فڕۆکانە لە (ئێر کەنەدا) و (ئێر کەنەدا ڕۆج) تا کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (18:00 بە کاتی گرینچ) بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
حکوومەتی کەنەدا، دوێنێ شەممە کۆتایی بە مانگرتنی کارمەندان و تیمی هێڵی ئاسمانی کەنەدا هێنا، هاوکات داوای لە ئەنجوومەنی کرێکاری کرد، فەرمانێکی ناوبژیوانیی ناچاری دەربکات بۆ گەڕاندنەوەی کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانەی فڕۆکەوانیی کەنەدا، ئەوەش داواکاریی کارمەندانی گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی بوو لە وڵاتەکە.
یەکەمجار، ساڵی 1985، هەزاران کەس لە تیمی (ئێر کەنەدا) بەهۆی کەمی مووچەکانیان مانیان گرت، بۆیە کۆمپانیاکە ناچاربوو گەشتەکانی هەڵبوەشێنێتەوە کە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هەبوو، ناچاربوون بەدوای گەشتی جێگرەوەدا بگەڕێن یان لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.