کۆمپانیاکانی ئیمارات پڕۆژەی کشتوکاڵی لە زاخۆ جێبەجێ دەکەن

بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵی، ژمارەیەک کۆمپانیای ئیماراتی دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی لە زاخۆ کردووە و بڕیارە بەرهەمەکانیشی هەناردەی دەرەوە بکرێن. 

عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە زاخۆ، بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی ژمارەیەک سەردانی بۆ ئیمارات؛ چەند کۆمپانیایەکی ئەو وڵاتە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵییە.

عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، یەکێک لە پڕۆژەکان لەسەر ڕووبەری هەزار دۆنم زەوی ئەنجام دەدرێت و سەرمایەکەی زیاتر لە چوار ملیار و 350 ملیۆن دیناری عێراقییە. ئەم پڕۆژەیە بەرهەمهێنانی چەندین جۆر بەروبوومی کشتوکاڵی لەخۆدەگرێت، لەوانە گەنمەشامی، گەنم، برنج، نۆک، هەنجیر و کاڵەک.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە زاخۆ باسی لەوەش کرد، کارکردن لە پڕۆژەکەدا لە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2025دا بەرهەمەکانی تەواو ببن.

ناوبراو دووپاتی کردەوە "جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە دەبێت. پڕۆژەکە هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. هەروەها، بەرهەمەکانی ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێنەوە، بەڵکو بڕیارە هەناردەی دەرەوەش بکرێن، بەتایبەتی بۆ وڵاتی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو و ئەورووپا."

لە ساڵی ڕابردوودا، بەرهەمی گەنمی پڕۆژەکە گەیشتووەتە نزیکەی 600 تۆن و فاسۆلیاش 27 تۆن بووە. ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنی سەرەتایی پڕۆژەکەیە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە دووپات کردووەتەوە و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی حکوومەت بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.