ڕوبیۆ: ڕەنگە ئەمەریکا نەتوانێت سیناریۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دابڕێژێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمەریکا لە هەوڵەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیا بەردەوام دەبێت، تا هەردوولا ڕێککەون و ئاشتی ڕابگەیەنن. گوتیشی: ئەگەر ڕێککەوتنی ئاشتی نەکرێت، پێویستە سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنرێت.
یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: لە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن، پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، پێویستە ڕووسیا و ئۆکرانیا هەندێک سازش بۆ یەکدی بکەن، تا بتوانن بگەنە ڕێککەوتن و ئاشتی ڕابگەینن.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمەریکا لە هەوڵەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیا بەردەوام دەبێت، تا هەردوولا ڕێککەون و ئاشتی ڕابگەیەنن. گوتیشی: تا کۆتایی جەنگەکە، شتگەلێک هەن کە ڕووسیا دەیەوێت، بەڵام ناتوانێت بە دەستی بهێنێت، هەروەها شتگەلێک هەن ئۆکرانیا دەیەوێت، بە هەمان شێوە ئەویش ناتوانێت بە دەستی بهێنێت.
ڕوبیۆ، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە گفتوگۆ لەسەر گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکرانیا بکرێت، ئەمەش لە کۆبوونەوەی دووشەممە لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا تاوتوێ دەکرێت.
هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد، ڕەنگە ئەمەریکا نەتوانێت سیناریۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دابڕێژێت. دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەی سبەینێ زۆر شت یەکلایی دەکرێنەوە.
هەینی 15ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی ئاشتی و ئاگربەستی ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکە لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی هاتنی لوتکەی ئالاسکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو: گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە کەشێکی بنیاتنەر و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەکە بە فۆکس نیوزی ئەمەریکی گوتبووی: "10 لە 10" دەدەمە کۆبوونەوەکە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ پوتن دانوستانم کرد سەبارەت بە پرسگەلێک لەوانە ناتۆ و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و پرسی خاک. باسی لەوەش کردبوو، پێموایە زۆر نزیک بووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.