ویتکۆف: ڕووسیا و ئۆکرانیا سازش بۆ یەکدی دەکەن

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ

نێردەی تایبەتی ترەمپ، هیواخوازە ئەو کۆبوونەوەیەی کە سبەینێ لە واشنتن بەڕێوە دەچێت بەرهەمدار بێت. دەشڵێت: ڕووسیا و ئۆکرانیا سازش بۆ یەکدی دەکەن.

یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکیدا، گوتی: ڕووسیا لە بارەی ئەو ناوچانەی کە لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردوون سازش دەکات، پێم وایە هەردوو وڵات سازش بۆ یەکدی دەکەن.

نێردەی تایبەتی ترەمپ، ئاماژەی بەوە دا، واشنتن پاڵپشتی لە چارەکردنی کێشەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەکات، تا بە زووترین کات ئاشتی ڕابگەیەنرێت.

هاوکات هیواخوازە کۆبوونەوەکەی سبەینێ کە لە نێوان ترەمپ، زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا لە کۆشکی سپی بەڕێوە دەچێت، بەرهەمدار بێت، هەروەها بگەن بە کۆدەنگییەکی ڕاستەقینە لە بارەی پرسی ئۆکرانیا، تا دواتر دەرئەنجامەکە بە ڕووسەکان بگەیەنن.

دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەی ئالاسکا، ترەمپ و پوتن لەسەر گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا ڕێککەوتوون.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نووسی: پێشهاتی نوێ لە بارەی ڕووسیا هەیە و چاوەڕێ بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ دووشەممە 18ـی ئابی 2025، هەر یەکە لە ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر، سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە، لە کۆشکی سپی لە واشنتن کۆببنەوە

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment