ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت

دوای ڕاگرتنی زیاتر لە دوو ساڵ هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، بڕیارە لەم نزیکانە پرۆسەکە دەست پێبکاتەوە.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون. رێککەوتنەکە لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە و دانووستاندنی نێوان هەردوولا و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بووە؛ هەروەها چارەسەرەکە تا کۆتایی ئەمساڵە و لەسەر بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵ و بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە.

لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 60% کەمی کرد و ئێستا خەریکە بەرهەمهێنانی نەوت لە سەرجەم کێڵگەکان ئاسایی دەبێتەوە.