حەماس پێشنیازێکی ئاگربەستی نوێی پێدەدرێت

ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئاگربەستی ناڕاستەوخۆ لە کەرتی غەززە پێشنیازێکی نوێیان پێشکەش بە حەماس کردووە کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە.

چەند سەرچاوەیەک پشتڕاستیان کردەوە، نوێنەرانی میسر و قەتەر ئەو دەستپێشخەرییە نوێیەیان بە بزووتنەوەکە گەیاند، بە ئامادەبوونی سەرۆکی چەند فراکسیۆنی فەڵەستینی.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرکردەکانی فراکسیۆنەکان داوایان لە حەماس کردووە، "لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامێک بۆ ئەو پێشنیازە ئامادە بکات".

ئەمەش لەکاتێکدایە کە چالاکییە گشتییەکان لەناو ئیسرائیلدا بەتایبەتی لەلایەن خێزانی دەستگیرکراوەکانەوە هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە هەمووان بگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە لە پێداگری لەسەر قبوڵنەکردنی هیچ ڕێککەوتنێکی بەشەکی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدوای ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەدا دەگەڕێت لەگەڵ مەرجەکانی ئیسرائیل پەیوەست بە چەکداماڵینی حەماس و کوتلە فەڵەستینییەکان و دڵنیابوون لەوەی غەززە لە داهاتوودا مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات. ئەو پێداگری دەکات لەسەر ئازادکردنی هەموو دەستبەسەرکراوەکان لە یەک کاتدا و لەسەر دامەزراندنی دەسەڵاتێک یان دەزگایەکی ئیدارەی کەرتی غەززە کە حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستین لەخۆ نەگرێت.

حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نێوەندگرانی ئاگادار کردەوە لە ئامادەیی خۆی بۆ قبوڵکردنی دوایین پێشنیاز کە لەلایەن نێوەندگیرییەکانەوە خراوەتەڕوو بەبێ ئەو هەموارکردنەوەیانەی کە هاوپێچی کردبوو. حەماس و سەرکردایەتی دەزگای هەواڵگری میسر زنجیرەیەک دیداریان لە قاهیرە ئەنجامدا. 

هەروەها سەرکردەکانی هەندێک وڵات کۆبوونەوەیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشخستنی هەر ڕێککەوتنێک بۆ پووچەڵکردنی پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە. میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کاتی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کە لەو ماوەیەدا 10 ئیسرائیلی زیندوو و ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. پاشان دانوستانی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر دەکرێت، کە ڕێککەوتن لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لە کەرتی غەززە مسۆگەر دەکرێت.