56 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەشکەوتی دەکان تێدەپەڕێت

له ڕۆژی 18 ی ئابی ساڵی 1969 و پێش 56 ساڵ، سوپای عێراق بێبه‌زه‌ییانه و به شێوازێكی دڕندانه هێرشی كرده سه‌ر 75 ئافره‌ت و منداڵی بێ تاوان و هه‌موویانی لە ئەشکەوتی دەکان شه‌هید كرد، هەموو ساڵێک له‌م ڕێككه‌وته‌دا كه‌سوكاری قوربانیان یادی ئه‌و ڕۆژه به ئازاره ده‌كه‌نه‌وه.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، نه‌وزاد ده‌كانی، كه‌سوكاری یه‌كێك له شەهیدانی ئه‌شكه‌وت ده‌كان، بە کوردستان24ـی گوت: کارەساتێکی دڵتەزێنە، هیواخوازین بەسەری هیچ کەسێک نەیێت، زۆرجار بۆ ڕه‌واندنەوەی خەم و ئازارەکانمان سەردانی ئەم گۆڕستانە دەکەین.
نه‌وزاد ده‌كانی لەگەڵ گەیشتنی بۆ ناو ئەم ئەشکەوتە، کە ژمارەیەکی زۆری کەسوکاری بە کۆمەڵ شەهیدکران، ناتوانێت لەسەر قاچەکانی بوەستێت.
تاوەکوو ئێستا (تەنی) ئاگر بەسەر دیوارەکانی ئەشکەوتەکە ماوە و ئێسک و پرووسکی شەهیدەکانیش نەهاتوونەتە هەڵگرتن.
كه‌مال یه‌عقووب، برای دوو شەهید، بە کوردستان24ـی گوت: کەسوکاری ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردبوون شەهیدکراون، کە ژمارەیان 75 کەسە و ئێمە شانازییان پێوە دەکەین، زیاتر لە 50ساڵە گوندەکەمان چۆل کراوە، داوا دەکەین ئاوەدان بکرێتەوە.
لە ڕۆژی 18ـی ئابی 1969 سوپای عێراق بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، هێرشی کردە سەر گوندی دەکان، تەواوی ئافره‌تان و منداڵەکانی ئەو گوندە بۆ ئەوەی ڕزگار ببن، پەنایان بردە بەر ئەم ئەشکەوتە، بەڵام سەرجەمیان شەهید کران و ته‌رمه‌كانیان به‌هۆی ئاگره‌وه سووتان.