ترەمپ: دەرفەت هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا پێم وایە پوتنیش ئەوەی دەوێت

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی بەردەوام کار دەکەین. جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا دەرفەت هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پوتنیش ئەوەی دەوێت.

دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: ڕەنگە کۆبوونەوەم لەگەڵ زێلێنسکی دەرئەنجامی بەشی هەبێت، هەروەها ئێمە هەمیشە خۆشگوزەرانیمان بۆ خەڵکی ئۆکرانیا دەوێت.

باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەورووپا ئەنجام دەدەم، هەروەها ئەگەر شتەکانیش بە باشی بەڕێوە بچن، لە داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی و پوتن دەکەم.

ترەمپ، بە گەشبینییەوە گوتی: پوتن و زێلێنسکی دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنن.

جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت ڕووسیا و ئۆکرانیا جەنگ ڕابگرن و ئاشتی درێژخایەن لە نێوانیان بێتە ئاراوە، هەورەها ئامادەیی واشنتنی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ هەردوو وڵات بۆ ئەم مەبەستە.

گوتیشی: پێش ئەو کۆبوونەوەیەم، لەگەڵ پوتن بە تەلەفۆن قسەم کردووە، دوای ئەو کۆبوونەوەش دووبارە لەگەڵ پوتن قسە دەکەمەوە، ئەو ئێستا چاوەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنی من دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ زێلێنسکی باسمان لە گەرەنتی ئەمنی کرد، ئەوروپاش دەبێتە یەکەم هێڵی بەرگریی ئۆکرانیا و ئێمەش لەوەدا بەشداریی دەکەین.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی هەوڵەکانی ترەمپی بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکرانیا کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیپلۆماسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵیش ئامادەین. دەشڵێت: تا ئێستا ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا.

هەروەها زێلێنسکی ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دووپات کردەوە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاوی کردەوە، سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە کۆشکی سپی.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment