ماکرۆن داوای سزای توندتر بۆ سەر ڕووسیا دەکات، ئەگەر دیپلۆماسیەت شکست بهێنێت
دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا و ئەورووپا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای "گەمارۆی توندتر"ی کرد بۆ سەر ڕووسیا و جەختی لەسەر پێویستی گەرەنتی ئەمنیی بۆ ئۆکرانیا کردەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا کرد لە کۆشکی سپی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە میوانداری کرابوو. لە کۆبوونەوەکەدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی ئەورووپی ئامادەبوون. ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکان دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ماکرۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەگەر دانوستانەکانی ئاشتی لە داهاتوودا لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا شکست بهێنن، ئەوا پێویستە سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر بکرێن. گوتی: "هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دەبێت سزاکان توندتر بکرێن و لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت هەڵوێستێک بگیرێتەبەر کە فشاری زیاتر بەسەر لایەنی ڕووسیادا بسەپێنێت."
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، بابەتی پێدانی گەرەنتی ئەمنیی بەهێز بوو بە ئۆکرانیا وەک بەشێک لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە گرنگترین گەرەنتییەکان بریتییە لە بوونی سوپایەکی "بەهێز"ی ئۆکرانی.
ماکرۆن ڕوونیکردەوە، "توانیمان پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ئەم گەرەنتییە ئەمنییانەدا بکەین، کە بریتییە لە سوپایەکی بەهێزی ئۆکرانیا کە توانای بەرپەرچدانەوە و ڕاگرتنی هەر هەوڵێکی هێرشبەرانەی هەبێت، بێ ئەوەی هیچ سنووردارکردنێک لەسەر ژمارە و توانا و چەکداریی هەبێت."
سەرەڕای ئەوەی لە میدیاکاندا باس لەوە کرابوو، ئەمەریکا پێشنیازی گفتوگۆکردنی لەسەر خاک کردووە، ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەولەویەت دراوە بە گەرەنتییە ئەمنییەکان. ئەو پێی وابوو کە هەر باسێک لەسەر خاک دەبێت سەرەتا لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا و پاشان لە لوتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ئەمەریکادا ئەنجام بدرێت.
هەروەها ئاماژە بە ئەگەری سازدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی کرا لە نێوان ترەمپ، زێلێنسکی و پوتندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
لە کۆتاییدا، ماکرۆن دووپاتی کردەوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بەردەوام دەبن، چونکە "ئەگەر کۆتایی بە ململانێکان نەهێنرێت، ئاسایشی ئەورووپا دەکەوێتە مەترسییەوە."