زێلێنسکی لە نێوان بەرداشی دوو زلهێزدا

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕاگەیاند، ئەمەریکا یارمەتی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا دەدات لە هەر ڕێککەوتنێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان لەگەڵ ڕووسیا.
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ترەمپ لە میانی لووتکەیەکی نائاساییدا لە کۆشکی سپی، کە تێیدا میوانداریی زێلێنسکی و کۆمەڵێک لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کرد، بەڵێنی بە سەرۆکی ئۆکرانیا دا بەوەی ئەمەریکا یارمەتیی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا دەدات ئەگەر لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا ڕێک بکەون.
ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئاسایش بابەتێکە کە هەمووان تێیدا بەشدارین، بە وڵاتانی ئەورووپایشەوە؛ ئەوان هێڵی یەکەمی بەرگرین چونکە لەوێن، بەڵام ئێمەش یارمەتییان دەدەین."
زێلێنسکی ستایشی ئەو بەڵێنەی کرد و بە 'هەنگاوێکی گەورە بۆ سەقامگییری ئاشتیی' وەسفی کرد. گوتیشی: گەرەنتییەکان لە ماوەی هەفتەیەک تا 10 ڕۆژی داهاتوودا بە فەرمی ڕادەگەیەنرێن.
زێلێنسکی گوتیشی: ئۆکرانیا پێشنیازی کڕینی چەکی ئەمەریکی بە بەهای نزیکەی 90 ملیار دۆلار کردووە.
ڕێککەوتنی ئاشتی هێشتا دوورە
پێش دەستپێکردنی وتووێژەکانی دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوکردنەوەی هێزەکانی وڵاتانی ناتۆی بۆ یارمەتیدان لە مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕەت کردەوە، ئەمەش ئاڵۆزییەکانی بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ زیاد کرد.
ترەمپ و زێلێنسکی گوتیان "هیوادارن کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنە لەگەڵ پوتن."
لەکاتێکدا کرملین بە فەرمی ڕەزامەندیی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا گوتی: کۆبوونەوەی پوتن-زێلێنسکی لەوانەیە لە هەنگاریا بکرێت. بە گوتەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا فریدریش مێرز، ئەوان لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆدەبنەوە.
دواین وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی حوزەیراندا لە تورکیا بەڕێوە چوو، پوتن بانگهێشتە گشتییەکەی زێلێنسکی بۆ دیداری ڕووبەڕوو، ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە شاندێکی ئاست نزمی نارد.
ئاگربەست؟
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کرملین، ڕۆژی دووشەممە لە تۆمارێکی دەنگیدا لە تێلیگرام ڕایگەیاند کە ترەمپ و پوتن "ئەگەری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرانی لایەنی ئۆکرانی و ڕووسی کە بەشداری لەو گفتوگۆ ڕاستەوخۆیانەی ئاماژەیان پێکراوە دەکەن، تاوتوێ کردووە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردە ئەوروپییەکان، کە بۆ پشتیوانیی زێلێنسکی بە پەلە گەیشتنە واشنتۆن، داوایان لە ترەمپ کرد پێداگریی بکات لەسەر ئەوەی پوتن پێش هەر پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکاندا، ڕەزامەندیی لەسەر ئاگربەست بدات.
ترەمپ، پێشتر پشتگیریی لەو پێشنیازە کردبوو، بەڵام دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لە ئالاسکا، پاشگەز بووەوە و لەبری ئەوە هەڵوێستی مۆسکۆی گرتەبەر کە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت گشتگیر بێت.
ترەمپ، لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "بیرۆکەی ئاگربەستی بەلاوە باشە، بەڵام دەشکرێت پێش ئاگربەست هەردوولا هەوڵی ڕێککەوتن لەسەر ئاشتیی گشتگیر بکەن."
ترەمپ گوتی: هیوادارم بتوانن ئاگربەست ڕابگەیەنن، حەز دەکەم ئەوە ڕوو بدات؛ بەڵام لە ڕووی ستراتیجییەوە لەوانەیە ئەوە بۆ لایەنێکیان زیانبەخش بێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پشتیوانیی خۆی بۆ ئاگربەست وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر وتووێژێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا دەربڕی. ماکرۆن هەروەها گوتی: سەرکردە ئەوروپییەکانیش لە کۆتاییدا پێویستە لە هەر گفتوگۆیەکی ئاشتیدا بەشدار بن.
ماکرۆن بە ترەمپی وت: کاتێک باس لە گەرەنتیی ئاسایش دەکەین، مەبەستمان ئاسایشی هەموو کیشوەری ئەوروپایە.
ترەمپ و زێلێنسکی، پێش ئەوەی بچنە لای شاندی سەرکردە ئەوروپییەکان کە سەرۆکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، فینلاند، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆی لەخۆگرتبوو، پێکەوە قسەیان کرد.
کەشێکی دۆستانە دوای کارەساتەکەی شوبات
زێلێنسکی، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا سەرکەوتووتر بوو لە دیداری ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە مانگی شوباتی ڕابردوو، کاتێک ترەمپ و ڤانس بە ئاشکرا سەرزەنشتیان کرد بۆ ئەوەی بە ئەندازەی پێویست سوپاسگوزار نییە.
دوێنێ ، زێلێنسکی، لانیکەم هەشت جار سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەمەریکا و ترەمپ دووبارە کردەوە.
زێلێنسکی، ئەم جارە هێزی پشتیوانیشی هەبوو؛ سەرکردە ئەورووپییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ کیێڤ و فشارخستنە سەر گەرەنتی ئاسایشی بەهێز بۆ وڵاتەکە لە هەر ڕێککەوتنێکی دوای جەنگ، دەربڕی.
ترەمپ بە گەرمی پێشوازیی لە زێلێنسکی کرد لە کاتی گەیشتنی بە کۆشکی سپی، کاتێک پەیامنێرێک لە ترەمپی پرسی پەیامی چییە بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، گوتی: ئێمە ئەوانمان خۆش دەوێت!
ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت
ترەمپ هەوڵ دەدات بە خێرایی کۆتایی بە خوێناویترین جەنگی ئەورووپا لە ماوەی 80 ساڵی ڕابردودا بهێنێت و کیێڤ و هاوپەیمانەکانی نیگەرانن لەوەی لەوانەیە ترەمپ هەوڵ بدات ڕێککەوتنێک بە مەرجەکانی ڕووسیا بسەپێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، بارەکەی خستۆتە سەر شانی زێلێنسکی و دەڵێت "دەبێت ئۆکرانیا واز لە هەوڵی وەرگرتنەوەی نیوەدوورگەی کریمیا و ئەندامییەتی ناتۆ بهێنێت."
سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک ڕوتە گوتی: ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە ناتۆ، بابەتی گفتوگۆ نییە، بەڵام ئێمە گفتوگۆ لەسەر بابەتی گەرەنتیی ئاشتیی بۆ ئۆکرانیا دەکەین، بە گوێرەی ماددەی 5ـی ناتۆ.
ماددەی 5ی پەیمانی دامەزراندنی ناتۆ بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ دەچەسپێنێت، کە تێیدا هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لە 32 ئەندامەکەی ناتۆ، بە هێرشکردنە سەر هەموویان دادەنرێت. چوونە ناو هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) ئامانجێکی ستراتیجییە بۆ کیێڤ کە لە دەستووری وڵاتەکەدا چەسپاوە.
لێدوانەکانی ڕوتە ئاماژەیان بەوە کرد کە گەرەنتییەکی لەو جۆرەی ئاسایش، لەوانەیە لەبری ئەندامییەتی ناتۆ پێشکەش بە ئۆکرانیا بکرێت.
زێلێنسکی، پێشوەختە نزیکەی هەموو خاڵە سەرەکییەکانی پێشنیازەکانی پوتنی لە کۆبوونەوەی ئالاسکادا ڕەت کردۆتەوە. کە بریتی بوون لە ڕادەستکردنی هەموو هەرێمی دۆنێتسکی، کە ئێستا زۆرینەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە.
