داخستنی 85 پاڵاوگە و کوژانەوەی دەیان مۆلیدە ژینگەی هەولێریان پاکتر کردووەتەوە

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاراستنی ژینگە، دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەریی مۆلیدە ئەهلییەکان دەستپێکردووە، کە بووەتە هۆی باشتربوونێکی بەرچاوی کەشوهەوای پایتەخت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێرن، زۆرترین هەڵمەتی داخستنیش لەو شارە ئەنجام دراوە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاشکرای کرد، لە شاری هەولێر 85 پاڵاوگە داخراون. هۆشداریشی دا بەو پاڵاوگانەی کە تا ئێستا کار دەکەن و گوتی: "ئەوانی دیکەش ئەگەر مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ نەکەن، یان مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەرنەگرتبێت و پابەندی ڕێنماییەکانی دەستەی پاراستنی ژینگە نەبن، بە هەمان شێوەی ئەوانی دیکە دادەخرێن".
کوژانەوەی مۆلیدەکان و کاریگەرییە ئەرێنییەکان
هاوکات لەگەڵ داخستنی پاڵاوگەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە مۆلیدە ئەهلییەکان لە شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە. دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت: "کوژانەوەی نزیکەی سەدا 30 بۆ 40ـی مۆلیدەکان وایکردووە ژینگەی شارەکە پاک ببێتەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، مۆلیدەکان هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە بوون، چونکە ماددەی ژەهراوی و دەنگێکی بەرزیان لەناو شاردا بڵاو دەکردەوە. کەمبوونەوەیان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتربوونی کەشوهەوا و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان هەبووە.
پێویستیی هۆشیاریی هاووڵاتییان
گوتەبێژی دەستەی ژینگە جەختی لەوە کردەوە، ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە هاوکاریی هاووڵاتییانەوە. ئەو گوتی: "پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن لە بەکارهێنانی کارەبا و ئاو، چونکە هەموو ئەم بابەتانە پێکەوە بەستراونەتەوە. بۆ نموونە، دابینکردنی کارەبای 24ـی کاتژمێری پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پاراستنی ڕەگەزەکانی دیکەی سروشتەوە هەیە".