پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ترێی دهۆک بگاتە 20 هەزار تۆن
سەرەڕای گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ترێ لە دهۆک بگاتە 20 هەزار تۆن.
وەلید بێسفکی، یەکێک لە جووتیارە بەناوبانگەکانی پارێزگای دهۆک و دانیشتووی گوندی 'مجەمەخت'ـی سەر بە ناحیەی مانگێشک، بە چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە 43 جۆر ترێ لە ناوچەکەیان دەچێنرێت؛ دیارترینیان "تایفی، کەمالی، زەرک، ڕەش مێو، و بێ تم"ـن.
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش کرد، کەمی بارانبارین و نەبوونی ڕێژەیەکی پێویست لە شێ، کاریگەری لەسەر هەندێک جۆری ترێ هەبووە، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کە پێویستیان بە ئاوێکی زۆرە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە جووتیاران زیانیان بەرکەوێت.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی جووتیارانی دهۆک، ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیانە لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. وەلید دەڵێت: "هەندێک کێشە لە بازگەکان بۆ جووتیاران دروست دەبێت، بەڵام هیوادارین کە ئەمساڵ بازاڕ باشتر بێت و بتوانین بەرهەمەکانمان بە نرخێکی گونجاو بفرۆشین."
ئەو جووتیارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، جووتیارانی دهۆک بەردەوامن لە کارکردن و هیوایان بە بەرهەمێکی باشتر و بازاڕێکی فراوانتر هەیە.
دهۆک بە پایتەختی ترێ لە عێراق ناسراوە و جۆرە بەناوبانگەکانی وەک "زەرک، تایفی، و کەمالی" خواستی زۆریان لەسەرە. هەروەها، هەندێک جۆری ترێی وەک "ڕەش مێو و تالکە" بۆ دروستکردنی شەربەت بەکاردەهێنرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی ترێ زیاد کراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ترێ بگاتە نزیکەی 20 هەزار تۆن.