سکرتێری ناتۆ لەبارەی کۆبوونەوەکەی واشنتن: یەکگرتوویی ئەمەریکا و ئەورووپای دەرخست
سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتن زۆر سەرکەوتوو بوو و لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ئۆکرانیا و ڕووسیادا ئەنجام بدرێت.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، لە واشنتۆن، نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ژمارەیەک لە سەرکردەی ئەوروووپا کۆبووەوە.
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕەحیم ڕەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24ـیش لە واشنتن ئامادەی بوو؛ کۆبوونەوەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" وەسف کرد.
وەکوو ئەوەی سکرتێری گشتیی ناتۆ باسی کرد، کۆبوونەوەکە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای بۆ ڕووسیای تێدابوو، کە دەرخەری یەکگرتوویی ئەمەریکا و ئەورووپایە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان: گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا
بە گوتەی سکرتێری گشتیی ناتۆ، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بووە لە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ "گەرەنتییە ئەمنییەکان" بۆ ئۆکرانیا، کە ئەمەش بە مەرجێکی سەرەکیی کیێڤ دادەنرێت بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە داهاتوودا.
ڕووتە ڕوونیکردەوە، سەرکردەکان یەکەمجار ئەم بابەتە لەنێوان خۆیاندا تاوتوێ دەکەن، پاشان سەرۆک ترەمپ قسە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد "ڕەنگە لە داهاتوودا" کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ئۆکرانیا و ڕووسیادا ئەنجام بدرێت.
زیادکردنی بودجەی بەرگری و لوتکەی ئالاسکا
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ڕێککەوتوون لەسەر زیادکردنی بەرچاوی بودجەی بەرگریی خۆیان. ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕووسیا لێکدەدرێتەوە کە هاوپەیمانێتییەکە بە جددی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک ئامادە دەکات.
کۆبوونەوەکەی واشنتۆن تەنها چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان سەرۆک ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتن، لە ئالاسکا بەڕێوەچوو. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی هەوڵدەدەن بەرەیێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و هەڵوێستەکانیان هەماهەنگ بکەن، پێش ئەوەی بچنە ناو هەر گفتوگۆیەکی چارەنووسسازەوە لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە داهاتووی ئۆکرانیا.