ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی لوبنان، سکاڵا لە دژی نەعیم قاسم تۆمار دەکەن
ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی لوبنانی ڕایانگەیاند، سکاڵایەک لە دژی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لە فەرمانگەی داواکاری گشتیی تۆمار دەکەن. ئەم هەنگاوە لە کاردانەوەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی قاسم دێت، کە بە وتەی سکاڵاکاران، لوبنان و خەڵکەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دوێنێ سێشەممە، کۆبوونەوەیەک لەلوبنان بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی لە "بەرەی سەروەری" بەشدار بوون، لەوانە: ئەشرەف ڕیفی، جۆرج عوقێس، کامیڵ شەمعون، ئیلی خوری، پەرلەمانتاری پێشوو ئیدی ئەبی لەمەع، پارێزەر ئیلی مەحفوز و دکتۆر عەبدولمەجید عەواد. ئامادەبووان لێدوانەکانی قاسم-یان بە "دەستبردن بۆ سنوورەکان و خستنەوەی وڵات لە بەردەم مەترسی شەڕی ناوخۆیی و هاندانی ناکۆکی تائیفی" وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، ئیلی مەحفوز، سەرۆکی "بزووتنەوەی گۆڕان"، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە، "بێدەنگی یان چاوپۆشی لە کردەوەکانی قاسم و ڕێکخراوە چەکدارەکەی، لوبنانییەکان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە." هەربۆیە ڕایگەیاند: "بڕیارمانداوە پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری بەرین بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر، پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت."
مەحفوز ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک نوێنەر "سکاڵایەک لە فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە دژی قاسم و هەرکەسێکی دیکە لێکۆڵینەوە دەریدەخات تێوەگلاوە" تۆمار دەکەن. داوایان کردووە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر و بەپێی مادەکانی 288، 295، 303، 307و 317 لە یاسای سزادان، لەگەڵ ماددەی 24 و ماددەکانی دیکەی یاسای ژمارە 137ـی ساڵی 1959 هەموارکراو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و تۆمەتبار بکرێن.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، پەرلەمانتار ئەشرەف ڕیفی-یان ڕاسپاردووە کە پەیوەندییەکانی دەستپێبکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵاکە.
ڕۆژی هەینی، 15ـی ئابی 2025، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکیدا لە شاری بەعلبەک لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، ڕەخنەی توندی لە حکوومەت گرت و گوتی: "چۆن دەتوانن قبووڵی بکەن حکوومەتێک ئاسانکاری بۆ کوشتنی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا بکات؟" هەروەها گوتیشی: "ئێوە هەوڵی پاراستنی لوبنان نادەن، بەڵکو لەسەر حیسابی ژیانی هاوبەشەکانتان لە نیشتماندا، ژیانی خۆتان دەپارێزن."
جەختیشی کردەوە، ئەرکی حکوومەت بنیاتنانی وڵاتە، نەک تەسلیمبوون بە ئیسرائیل و ئەمەریکا.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا پێی وایە "حکوومەت فەرمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە حزبوڵڵا جێبەجێ دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێی ناوخۆیی."
هەروەها بڕیارەکەی بە "زۆر مەترسیدار" وەسف کرد کە "پەیمانی نیشتمانی پێشێل دەکات، ئاسایشی نیشتمانی تێکدەدات، پێکەوەژیان دەشێوێنێت و وڵات بەرەو قەیرانێکی زۆر گەورە دەبات."
لە کۆتاییدا، نەعیم قاسم، هەڵوێستی حزبوڵڵای ڕاگەیاند و گوتی: "حزبوڵڵا چەکەکانی خۆی تەسلیم ناکات، ئەگەر پێویست بکات شەڕ دەکەین و دڵنیاین کە سەردەکەوین." لە هەمان کاتدا ئاشکرای کرد، ڕێککەوتنێک لە نێوان حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەلدا هەیە بۆ دواخستنی بیرۆکەی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان.
نەعیم قاسم، سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد "بۆ پاڵپشتیکردنی بە پارە، چەک، هەڵوێستی سیاسی و شەهیدان" و لە بەرامبەردا ڕەخنەی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی گرت کە "پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن لە لێدانی حزبوڵڵا".
گوتیشی: تاران بە میدیا، پارە و چەک پشتیوانی ئێمەی کردووە.