نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی' مەلای گەورەی کۆیە' بەردەوامە و دەکرێتە مۆزەخانە
بەهەمان ئەو کەرەستە بیناسازیانەی سەدە و نیوێک پێشتر خانووەکەی پێ دروستکراوە، دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی بە 'مەلای گەورەی کۆیە.'
خانووەکەی مەلای گەورەی کۆیە، کە سەردەمانێک شوێنی کۆڕ و کۆبوونەوەی زانایانی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە، دەکەوێتە ناو کۆڵانە تەسک و باریکەکانی گەڕەکی بایزاغا، لە شاری کۆیە. فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە دەستیکردووە بە نۆژەنکردنەوەی خانووەکە و دەیەوێت بیگەڕێنیتەوە سەر شێوە ئەندازەییەکەی خۆی.
هێمن نوعمان، شوێنەوارناس بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لانیکەم لە ماوەی چوار پێنچ ساڵی ڕابردوودا، نۆژەنکردنەوە و گۆڕانکاری لە خانووەکە ڕوویداوە و کارەکانی ئێمەی تۆزێک قورس کرد. ئێمە ئێستا هەوڵمان داوە بە لانی کەم ئەگەر نەیخەینەوە سەر پلانە سەرەتاییەکەی خۆی، پلانە بنچینەییەکەی خۆی، لانی کەم بتوانین 90-95%ی بگەڕێنینەوە سەر ئەو پلانە ڕەسەنەی کە یەکەمجار خانووەکەی لەسەر دروستکراوە."
ئامانجی بەکارهێنانی بەرد و گەچ لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی خانووەکەی مەلای گەورەی کۆیە پاراستنی ئەو شێوە ئەندازە تەلارسازییەیە کە سەدە و نیوێک پێشتر خانووەکەی پێ دروستکراوە.
غەفوور حەمەدەمین، نزیکەی 40 ساڵە وەستای دروستکردنی خانووەکانە، لەبارەی خانووەکەی مەلا گەورەی کۆیەش ئەوەی خستەڕوو، "دیوارەکانی خانووەکە گەورە، پان و زۆر قایمن. لە بەردی سادە و گەچیش باشترە. ئەمەش وایکردووە، کاری نۆژەنکردەوە کاتی زیاتر بخایەنێت."
خانووەکەی مەلای گەورە لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی خوارەوە مەلای گەورە خۆی؛ نهۆمی سەرەوە مەسعود محەمەدی کوڕی دوای هاوسەرگیریی لێی ژیاون. بنەماڵەکەی مەلای گەورە، خانووەکەیان بەخشیوەتە فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە؛ دوای نۆژەنکردنەوە و گێڕانەوەی بۆسەر شێوازەکەی خۆی بڕیارە بکرێتە مۆزەخانە.
یەکێتی واحید، بەرێوبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە، گوتی "ئێمە لەگەڵ نەوەکانی خوالێخۆشبوو مەلا گەورە دانیشتووین و لەگەڵ خێزانی خوالێخۆشبوو مەسعود محەمەدیش دانیشتووین. بەرنامەمان هەیە لە داهاتوو بیکەینە مۆزەخانەیەکی کەلەپووری تاکو پێشوازی لە میوانانی دەرەوە و ناوخۆی کۆیە بکەین. ئەو کەلوپەلانەی کە خوالێخۆشبووان پێشووتر بەکاریان هێناوە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان، بەڵێنیان پێداوین تەواوی کەلوپەلەکانمان بدەنێ."
مەلا محەمەدی جەلیزادە یەکەم پیاوی ئاینی کورد بووە نازناوی مەلای گەورەی وەرگرتووە . پیاوێکی ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی زمانزان بووە و موفتی و قازی کۆیە بووە، ئەندامی ئەنجومەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بووە و 15 کتێبی جۆراو جۆری نووسیوە