بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ: پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیر %21 زیادیکردووە

لە کابینەی نۆیەم پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، کە ئێستا ساڵانە 285 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە پێویستی ناوخۆ 500 هەزار تۆنە.

چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، فیراز سدیق، بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەش ساڵ پێش ئێستا 73 پرۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیر بۆ بەرهەمهێنانی شیر هەبوو، کە لەو 73 پرۆژەیە هەشت هەزار مانگا هەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 93 پرۆژە، ژمارەی ئەو مانگانەی شیریان لێ بەرهەم دەهێنرێت، گەیشتووەتە 16 هەزار سەر، واتە لە 100% زیادیکردووە.

فیراز سدیق  ئاماژەی بەوەش دا، پرۆژەکان دابەشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بوونە، کە لەماوەی ئەم شەش ساڵەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرۆژانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئێستا کاردەکەن.

گوتیشی: ئەو شیرەی لە پرۆژەکان و لە گوندەکان دەستماندەکەوێت، بڕی 285 هەزار تۆنە، دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت ئەو پرۆژانەی کە ڕەزامەندی سەرەتاییان وەرگرتووە ئەگەر لە ماوەی چوارساڵی داهاتوو بکەونە کار، ئەوە بەتەواوی خواستی بازاڕ کە 500 هەزار تۆنە، دابین دەکەین. 

بەرێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕاشیگەیاند، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کەرەستەی ناوخۆیی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی شیر، ئێستا هاووڵاتیانیش بەدوای بەرهەمی سروشتیی و کواڵێتی باش دەگەڕێن، چونکە باشترین بەرهەم بەرهەمی ناوخۆیە.

باسی لەوەش کرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، پێشبینی دەکرێت لە کابینەی دەیەمیش ئەو گرنگیدانە بەردەوام بێت.

فیراز سدیق دەشڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، لیخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کەرەستانەی لە  بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت کراوە، کە حکوومەت بەبێ باج و ڕسومات رێگەی بە هاوردەکردنی ئەو کەرەستانە داوە کە بۆ دروستکردنی هۆڵەکان و کارگەکان بەکار دێت.