ڕووداوەکانی شەمەندەفەر لە عێراق، لەنێوان پەلەکردنی شۆفێران و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا
بەم دواییانە ڕووداوەکانی بەڕێککەوتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل لە عێراق زیاتر بووە، بەڕێوبەرایەتی هێڵی ئاسنین تەواوی بەرپرسیارەتییەکە دەخاتە سەر ئەستۆی ئەو کەسانەی زیادەڕویان لەنزیك هێڵەکانی ئاسنین کردووە.
ئەگەر دەتەوێت لە عێراق ببی بە شۆفێری شەمەندەفەر، دەبێت ڕووبەڕووی سەختییەکان ببیەوە وەك ئەوەی لە بەرەی جەنگدای، زیادەڕەوییەکان لە هێڵی ئاسنین لە هیچ وڵاتێکی دیکە هاوشێوەی نییە، بۆ نموونە لێرە ماڵەکان لە تەنیشت هێڵی ئاسنینن، ئێرەش ڕێگەیەکی نافەرمییە بۆ ئەوەی ئۆتۆمێلەکان بەسەریدا بپەڕنەوە و زۆر نموونەی دیکەش هەیە. موەفەق زیاتر لە34 ساڵە شۆفێری شەمەندەفەر بووە دەڵێت هەموو ئەو هۆکارانە بەم دواییانە ڕێژەی ڕووداوەکانیان زیاتر کردووە.
موەفەق مەجید، کاپتنی شەمەندەفەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ڕێڕەوە نافەرمییەکان زیان بە هاتووچۆی شەمەندەفەرەکان و خەڵکێش دەگەین، چونکە هیچ پێوەرێکیان نییە، ئەوەی لە رابردوو وایدەکر شەمەندەفەر بوەستێت کردنەوەی ئەو ڕێڕەوانە بوو و ڕەزامەندی لەسەر دراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە، تا مەودایەکە پێوانە بکرێت و شوێنی شیاوی بۆ دەستنیشان بکرێت، ئێستاش کە ڕووداوێك دەبێت پشت بە یاسای هاتووچۆ دەبەستن، ئەمەش هەڵەیە چونکە شەمەندەفەر لەسەر هاتووچۆ هەژمار ناکرێت و ئۆتۆمبێل نییە و تەنیا لەسەر یەك هێڵی ئاسنین دەڕوات."
شۆفێرانی ئۆتۆمبێل بۆ یەکەمجار هاتوونەتە ریز شۆفێری شەمەندەفەر و خۆیان بە بەرپرسیار دادەنێن لە هەر ڕووداوێك لەسەر هێڵی ئاسنین ڕوودەدات.
شۆفێری ئۆتۆمبێلێک دەڵێت: "هۆکارەکە خاوەن ئۆتۆمبێلە، کاتێك دەبینم شەمەندەفەرەکە نزیك دەبێتەوە بۆچی لەبەردەم ئەو شەمەندەفەرە بپەڕمەوە، هەروەها دەبینین ماڵ لە تەنیشت هێڵی ئاسنین هەیە و ئەمەش زیادەڕەوییە."
شۆفێریێکی دیکەی ئۆتۆمبێل دەڵێت: "هەمیشە خاوەن ئۆتۆمبێل پەلە دەکات و ئەمەش هۆکاری ڕووداوەکانە، بەدڵنیاییەوە شوێنەکانی پەڕینەوە نافەرمییە، بەهۆی زۆری ڕووداوەکان دەبێت پۆلیسێکی هاتووچۆ لەوێ بێت."
مانگێك لە عێراق تێناپەڕێت بێ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ڕووداوێکی بەریککەوتنی ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر هەبێت، لە کاتێکدا بەرپرسیارەتییەکە دەکەوێتە سەر شانی بەڕێوبەرایەتی هێڵی ئاسنین و چەندان لایەنی دیکە.