کۆمپانیای DNO دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردەوە

کۆمپانیای DNO بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە و پلانی هەیە بۆ ئاستی پێشوو بیگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025،  کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی (DNO) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دووبارە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە ڕاگرتنی کارەکانیان بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور.

کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە، لە ئێستادا بەرهەمهێنان بە شێوەی تاقیکاری گەیشتووەتە 55,000 بەرمیل نەوتی هاوتا لە ڕۆژێکدا، کە نیوەی لە کێڵگەی تاوکێ و نیوەکەی تری لە پێشخابوورە. باسی لەوەش کردووە، ئەم دەستپێکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە هێشتا کێڵگەکان پێویستیان بە چاکسازیی چەند مانگی هەیە و نیگەرانییە ئەمنییەکانیش بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پلانیان هەیە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێش هێرشەکان، کە 100,000 بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا لە هەردوو کێڵگە نەوتییەکە. 

هێرشە درۆنییەکانی مانگی تەممووز زیانێکی زۆریان بە کارەکانی کۆمپانیاکە گەیاند. لە کێڵگەی پێشخابوور، ئامێرەکانی چارەسەرکردنی نەوت کرانە ئامانج و لە تاوکێش تانکەرێکی کۆگاکردنی نەوت زیانی پێگەیشت. هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام هێرشەکان مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانیان دەرخست.

ئەم هێرشانە یەکێک بوون لە مەترسیدارترین هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا، کە بووە هۆی پەکخستنی کاری چەندین کۆمپانیای بیانی.

کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور بە کۆڵەکەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دادەنرێن. هێرشەکان لە کاتێکدا بوون کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەی نزیکەی سێ ساڵە لە ڕێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەمەش فشارێکی زیاتری لەسەر ئابووریی هەرێم دروست کردووە.

بەرپرسانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنها سەقامگیریی ناوخۆیی، بەڵکو وەبەرهێنانی بیانیش لە هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە.