بەرگریی تورکیا لەبارەی ڕەوانەکردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ ئۆکرانیا ڕوونکردنەوەی دا

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا دەکەن، ڕاست نییە، دەبێت سەرەتا ئۆکرانیا و ڕووسیا ئاگربەست بکەن ئینجا ئێمە بیر لەو بابەتە دەکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی بەرگری تورکیا لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە تورکیا هێزێکی ئاشتیپارێز دەنێرێتە ئۆکرانیا، ڕایانگەیاند، سەرەتا دەبێت ئاگربەست لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکرێت، بۆیە نابێت بە پێشبینی هەڵسەنگاندن لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، کە ئاگربەست کرا ئینجا ئێمە بیر لەو بابەتە دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تورکیا وڵاتێکە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست دەکات و هەوڵ دەدات دەستپێشخەریی بکات، بەڵام سەرەتا دەبێت ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکرێت، دواتر چوارچێوەیەکی ڕوونی کارکردن دابندرێت، کە هەر وڵاتێک تا چەند بەشداری لەو پرۆسەیە بکات.

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان تورکیا و ئۆکرانیا و روسیا، سێرگێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی، ڕووسیا ئامادەیە بە هەر شێوازێک بێت کار بکات و وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی بابەتە سیاسییەکان بکات بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا.

هەروەها لاڤرۆڤ گوتشی: تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لە کیێڤەوە دەست نەکەوتووە لەبارەی پێکهێنانی گرووپی کارکردن لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئیستانبوڵ.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی دوایی نێوان پوتن و ترەمپدا، سەرۆکی ڕووسیا پێشنیازی بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی کردووە.