کۆمەڵەی هەنگەوانان: هەنگوینی کوردستان باشترینە لە هەموو جیهان

سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان ڕایگەیاند: بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێت و سەرەڕای هەبوونی چەند خۆڵبارینێک و گۆڕانی کەشوهەوا.
عارف شێروانی، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەنگوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشتر دەبێت، هەرچەندە بەپێی خواستی ئێمە نییە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هەبوونی چەندین خۆڵبارین لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.
عارف شێروانی گوتیشی: ساڵی ڕابردوو بەرهەمی هەنگوین 100 تۆن بوو، بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت، تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول بڕینەوەی هەنگوین بەردەوامی دەبێت و هەنگوینی کوردستان کواڵێتی باشترینە.
سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانان ئاماژە بەوە کرد، لە چەندین پێشبڕکێی جیهانی لەسەر هەنگوین، هەنگوینی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی کەشوهەوا لەبارەکەی و هەبوونی گوڵی دڕکاوی، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2009، لە فەرەنسا لە پێشبڕکێیەک دا تایبەت لەسەر هەنگوین، هەنگوینی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی جیهان، ئێستاش بەهەمان شێوەیە، بەڵام هەندێک کەسی نابەرپرس دەیانەوێت لە کواڵێتی دابەزنن.
عارف شێروانی جەخت لەوە دەکاتەوە، چەند کەسانێک هەن شەکر بە هەنگەکان دەدەن و بەناوی هەنگوینی ئەسڵی دەیفرۆشنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ناوبانگی هەنگوینی هەرێم دەبێت، هەربۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەهەموو شێوەیەک ڕێگری لەو جۆرە کەسانە بکەن و ڕێگەیان پێ نەدەن.
دەشڵێت: خاوەنی 15 هەزار هەنگوانانین و 800 هەزار سندووقی هەنگیش هەن.
لە دوو ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆری هەنگوینی بۆ یەکەمینجار هەناردە دەرەوە و ئەمەش بووە هۆی ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنگەوانان.
لە 29ـی تشرینی دووەمی 2023، یەکەم بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی کوردستان گەیشتە قەتەر و دواتر هەناردەی چەند وڵاتێکی دیکە کرا.