ئه‌مڕۆ زێدان سه‌رسامی خۆی بۆ هێرشبه‌رێك ده‌ربڕی
زێدان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا ناوی هێرشبه‌رێكی له‌ده‌م هاته‌ده‌ر
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر لیڤانتی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه پێكانه‌كانی یانه‌كه‌ی هیچ نیگه‌رانی نه‌كردووه، ده‌شڵێت: من پێشت به سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان ده‌به‌ستم، بۆ هه‌ر یاریزانێكی پێكراو شوێنگره‌وه‌م هه‌یه، تا دوایین ساتی داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانانیش ره‌نگه هه‌موو شتێك رووبدات و یاریزانی نوێ بگوازینه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی لیڤانتی، زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید نه‌یشارده‌وه كه به ئاستی حوسام عه‌واری هێرشبه‌ری لیۆن سه‌رسامه، گوتیشی: ره‌نگه رۆژێكدا بێت ئه‌و یاریزانه له ریال مه‌درید یاری بكات، به‌ڵام له باره‌ی گواستنه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كم نییه و تا 5ـی ئه‌م مانگه كاتمان له‌به‌رده‌مه و نازانم چی رووده‌دات.
زێدان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد پێكانه‌كه‌ی هازارد له ماسولكه‌كانیه‌تی و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه یاریكردن، گوتیشی: پێكانی یاریزانه‌كانم تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێی نه‌كردووم، ته‌نیا ئه‌وه نیگه‌رانی كردووم كه ئه‌و یاریزانانه له یاریكردن بێبه‌ش ده‌بن، ئه‌گه‌رنا من ژماره‌یه‌ك یاریزانی باشم له‌به‌رده‌سته بۆئه‌وه‌ی شوێنی یاریزانه پێكراوه‌كان بگرنه‌وه.
له باره‌ی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانی، زێدان گوتی: راسته، رامۆس، كرووس، مۆدریچ و بێنزێما ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته سه‌رووی 30 ساڵ، به‌ڵام دڵخۆشم به ئاستیان ئه‌م وه‌رزه یارییه‌كی باشیان كردووه و یاریزانی گرینگن بۆ ریال مه‌درید.
زێدان دڵخۆشی به ئاستی ماركۆ ئاسێنسیۆ ده‌ربڕی و گوتی: پێویسته ئاسێنسیۆ خۆی بۆ وه‌رزێكی دوور و درێژ ئاماده بكات و ده‌مه‌وێت له‌م وه‌رزه رۆڵی زیاتر له تۆماركردنی گۆڵه‌كان بگێرێت و متمانه‌م پێیه‌تی.
له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر لیڤانتی، زێدان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌ركیان له‌و یارییه زۆر قورس ده‌بێت، گوتیشی: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له لیڤانتی ببه‌ینه‌وه ده‌بێت بۆ ماوه‌ی 90 خوله‌ك به ئاستێكی جێگیر و باش یاری بكه‌ین.
له گه‌ڕی پێنجه‌می لالیگا، یانه‌ی ریال مه‌درید سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له شاری ڤالێنسیا له كاتژمێر 05:00ـی ئێواره ده‌بێته میوانی یانه‌ی لیڤانتی، وه‌رزی رابردوو ریال مه‌درید له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه‌یه به گۆڵێكی بێوه‌ڵام تووشی شكست بوو.
