غەززە.. زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین
بەپێی ڕاپۆرتێک، دەزگای نێودەوڵەتیی چاودێریی برسێتی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئابی 2025، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی شەڕی غەززەوە، بە فەرمی دۆخی برسێتییان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
ئەم ڕاگەیاندنە لەسەر بنەمای سیستەمی پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) کراوە، کە میکانیزمێکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییە. جێگای ئاماژەیە، ئەمە تەنها پێنجەمین جارە لە مێژووی دامەزراندنی سیستمەکەوە لە ساڵی 2004 دۆخی برسێتی ڕادەگەیەنرێت.
ڕاگەیاندنەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەر سێ پێوەرە سەرەکییەکەی برسێتی هاتوونەتە دی، کەمیی خۆراک، لانیکەم سەدا 20ـی خێزانەکان ڕووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک بوونەتەوە. بەدخۆراکی، لانیکەم سەدا 30ـی منداڵان بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن. ڕێژەی مردن، ڕۆژانە لە هەر 10هەزار کەس، دوو کەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە باکووری کەرتی غەززە 'شاری غەززە و دەوروبەری' لە 'دۆخێکی کارەساتباردا دەژین، کە بە برسێتی، بێبەشبوون و مردن' ناسراوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، برسێتییەکە بۆ پارێزگاکانی دێر ئەلبەلا و خان یونسیش درێژبێتەوە.
نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە، مەترسییەکە هەڕەشە لە تەواوی دانیشتووانی کەرتی غەززە دەکات. هۆکارەکانیش بۆ بەردەوامیی سنووردارکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکان و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینییەکان دەگەڕێتەوە.
ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس لە غەززە (زیاتر لە نیوەی دانیشتووان) ڕووبەڕووی ئاستی "فریاگوزاری" نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە و نزیکەی ملیۆنێک و 35 هەزار کەسیش پێویستیان بە پەناگەی بەپەلە هەیە.
ڕۆژنامەی "یەدیوت ئەحرۆنۆت" ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ڕاگەیاندنە ئەگەری هەیە دەرگا بەڕووی نوێبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکاندا لەسەر ئیسرائیل بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی "پێوەرەکانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی گێڕانەوەی حەماس گۆڕیوە."