بە چاودێری واشنتن، سووریا و ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئەمنیی نزیک دەبنەوە

سەرچاوە باڵاکانی سووریا بە ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنت عەرەبی"یان ڕاگەیاندووە، بڕیارە لە 25ـی ئەیلوولدا، سووریا و ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی ئەمنیی بە چاودێری ئەمەریکا واژۆ بکەن. بەپێی سەرچاوەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتارێک پێشکەش دەکات.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە، ڕێککەوتنەکە لە قۆناغی ئێستادا هەمەلایەنە نییە بۆ ئاشتی، بەڵکو تەنها لایەنی ئەمنیی دەگرێتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات، ئاشکرایان کردووە، سووریا و ئیسرائیل لەسەر نزیکەی سەدا 80ـی خاڵەکان ڕێککەوتوون و دانوستانە ئەمنییەکان لە باکۆ و پاریس بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا "سانا" بڵاویکردەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی کۆبووەتەوە. بەپێی ئاژانسەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر "کەمکردنەوەی توندوتیژی، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا، و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە ببێتە هۆی سەقامگیری لە ناوچەکەدا". هەروەها باس لە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی جیابوونەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 کراوە، کە ناوچەیەکی پارێزراوی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان دامەزراند.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە وتارێکدا ڕایگەیاندبوو، "شەڕی یەکخستنەوەی وڵات نابێت بە خوێنڕشتن و هێزی سەربازی بێت" و هەر جۆرە دابەشبوونێکی ڕەتکردەوە. ناوبراو ئیسرائیلی بە دەستێوەردان لە باشووری سووریا تۆمەتبار کرد و گوتی: "هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن لە زلهێزێکی ناوچەییەوە هێز وەربگرن، جا ئیسرائیل بێت یاخود ئەو نەبێت، ئەمە زۆر قورسە و جێبەجێ ناکرێت"، ئاماژەیەک بوو بۆ داواکاریی بەشێک لە دروwزییەکانی سوەیدا بۆ دەستێوەردانی ئیسرائیل.