تاران مزگەوت و قوتابخانەکانی داخست

کۆرۆنا تەشەنەی سەندووە

K24- هەولێر:

قوتابخانە، کتێبخانە، مزگەوت و دامەزراوە گشتییەکان لە تارانی پایتەختی ئێران بۆ ماوەی یەک هەفتە داخران ئەمەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لەو شارە.

عەلی رەزا زالی، سەرۆکی ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە تاران، پێشتر داوای جێبەجێکردنی رێکاری تووندی کردبوو.

بەوهۆیەوە لە تاران، زانکۆ، کتێبخانە، مۆزەخانە، شانۆ، هۆڵی لەشجوانی و ساڵۆنەکان دادەخرێن.

زالی ئەوەی خستبووەڕوو، رێژەی مردن 3%یە و رۆژانەش حاڵەتەکان زیاتر دەبن.

ئەم بڕیارە تاوەکو رۆژی هەینی جیبەجێدەکرێت و هێشتا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی نەدراوە.

468 هەزار حاڵەتی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کراوە و 26 هەزار و 746 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەگوێرەی دواین داتای وەزارەتی تەندروستی ئێران.

Reuters