عراقچی وەڵامی هەڕەشەی سێ زلهێزە ئەورووپییەکە دەداتەوە
ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا) بڵاویکردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 222ـی ئابی 2025، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشی لەگەڵ هاوتاکانی لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکان و گەمارۆکان.
سێ زلهێزە ئەورووپییەکە هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، "میکانیزمی سناپباک"ی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر کارا دەکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە عراقچی ڕۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا مافی چالاککردنی ئەم میکانیزمەیان نییە کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015دا هاتووە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئیرنا گوتی: "کاتێک ئێمە وا دەزانین کە ئەوان مافی جێبەجێکردنی میکانیزمی دەستپێکەریان نییە، ئەوە شتێکی سروشتییە کە ئەوان مافی درێژکردنەوەی وادەی کاراکردنیشیانیان نەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا نەگەیشتووینەتە بنەمایەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەورووپییەکان."
وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریکا بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئێران بەنیازە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، عراقچی جەختیکردەوە، ئێران 'ناتوانێت بە تەواوی هاوکارییەکانی' لەگەڵ ئاژانسەکە بپچڕێنێت، بەڵام گەڕانەوەی پشکنەرەکانی بەستەوە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە.
مانگی ڕابردوو ئێران بە فەرمی ئاستی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کەمکردەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، ئێران ڕەخنەی لە ئاژانسەکە گرت بەهۆی ئیدانەنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا.