وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئەگەر حەماس چەک دانەنێت، غەززە وێران دەکرێت
هاوکات لەگەڵ فەرمانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتی شاری غەززە دەکات ئەگەر بزووتنەوەی حەماس چەک دانەنێت و هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی، 22ـی ئابی 2025، لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "بەم زووانە دەروازەکانی دۆزەخ لەسەر سەری بکوژان و دەستدرێژکارانی حەماس دەکرێتەوە تا ئەو کاتەی بە مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕازی دەبن، بە پلەی یەکەم ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و داماڵینی چەکن".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریدا ئەگەر حەماس بەم مەرجانە ڕازی نەبێت، شاری غەززە، کە بە پایتەختی بزووتنەوەکە دادەنرێت، چارەنووسی وەک شارەکانی ڕەفەح و بەیت حانوون دەبێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتری ئیسرائیلدا بەشێکی زۆریان وێران بوون.
ئەم هەڕەشانە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو، فەرمانی داوە بە دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە ماونەتەوە. نەتانیاهۆ جەختی کردەوە، دانوستانەکان هاوکات دەبن لەگەڵ "پلانەکانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری غەززە و شکستپێهێنانی حەماس".
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە ترسی توندتربوونەوەی قەیرانی مرۆیی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو لە ئارادایە. بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، پۆلێنبەندی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) ئاماری نوێ لەبارەی برسێتی لە غەززە بڵاوبکاتەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام هۆشداری لە مەترسییەکانی قات و قڕی دەدات.
لەلایەکی دیکەوە، مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، گومانی لە ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکەی ئاسایشی خۆراک خستەڕوو و گوتی: "دەزانن کێ بەدەست برسێتیەوە گرفتارە؟ ئەوە بارمتەکانن کە لەلایەن دڕندە ناشارستانییەکانی حەماسەوە ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون".ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەنگە تیرۆریستەکان" ئەو خۆراکەی دزیویانە، بیخەنە بەردەم "برسییەکان، بەتایبەتی بارمتەکان".