پەیکەری چەند کەسایەتیێکی ناوداری کورد لە پارکێکی مەهاباد دانران

سەیرانگای گەشتیاریی "پارکی میکاییل" لە شاری مەهاباد، کە یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی گەشت و سەیرانی خەڵکی ناوچەکە، بە دانانی پەیکەری پێنج کەسایەتیی ناوداری موکریان ڕازێنراوەتەوە.

لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی پارکەکە و لە نزیک پردی سوور، پەیکەری هەریەک لە هەژار موکریانی، هێمن موکریانی و محەممەد ماملێ دانراون. لە بەرانبەریشیاندا، پەیکەری مەلا ساڵحی حەریق و مەلا مارف کۆکەیی سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشن.

کاوە سوڵتان دانیشتووی مەهاباد بە کوردستان24ی گوت: جێگەی ڕێزە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو شاعیر و نووسەر و گۆرانیبێژانە پەیکەریان بۆ دانراوە، ئەوا جێگەی شانازی و پێزانینە.

هەر یەک لەم پێنج کەسایەتییە بە شێوازێک کاریگەرییان لەسەر کولتوور، ئەدەب و هونەری ناوچەی موکریان هەبووە حەریق، شاعیرێک بوو کە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، قوتابخانەی شیعری بابانی گواستەوە بۆ موکریان. مەلا مارف کۆکەیی، یەکێک بوو لە شاعیرە سەرەتاییەکانی قوتابخانەی شیعری موکریان، کە بە شیعرەکانی باسیی لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک کردووە، محەممەد ماملێ، بە دەنگە خۆشەکەی، داهێنەر و پارێزەری دەیان ئاواز و مێلۆدیی ڕەسەنی کوردی بوو، هاوکات هەژار و هێمن، دوو شاعیری نەتەوەیی کۆماری کوردستان بوون و ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستن و گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردیدا هەبوو.

میرحاج ئاغۆشی، هاووڵاتییەکی دیکەی مەهاباد دەڵێت:هیوادارم بۆ هونەرمەندەکانی دیکەش پەیکەریان بۆ دروست بکرێت، چونکە شاری مەهاباد بە ئەوانەوە ناسراوە و ناسنامەی شارەکەن. بۆ هەموو ڕۆژهەڵات جێگەی شانازییە و شانازی بەو هونەرمەندانەوە دەکەین.

ئەم پێنج پەیکەرە لەسەر ئەرک و بودجەی شارەوانیی مەهاباد دروست کراون و لەلایەن سێ هونەرمەندی پەیکەرسازی خەڵکی سنەوە ئامادە کراون، بە شێوەیەک پەیکەری هەژار موکریانی، بەرهەمی هونەرمەند هادی زیائەدینییە، پەیکەری هێمن، حەریق و مەلا مارف کۆکەیی، لەلایەن بەشیر ناسرییەوە دروست کراون و پەیکەری محەممەد ماملێش، کاری هونەرمەند مەهدی زیائەدینییە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment