ئەمەریکا: لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا و عێراق بەردەوام دەبین

نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق بەردەوام دەبن، ئاماژەشی داوە، لە ماوەی ڕابردوودا چالاکییەکانیان دژی ئەو گرووپە فراوانتر کردووە.

شەممە 23ـی ئابی 2025، دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وتارەکەیدا ئاماژەی داوە، وڵاتەکەی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانەوە لە هاوبەشی کردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هەرێمییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە. دەشڵێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی جیهانی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان.

ئاماژەشی دا، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دژەتیرۆر لەسەر ئاستی جیهان چڕتر کردووەتەوە و سەرکردایەتیی داعش و قاعیدە، ژێرخان و تۆڕە داراییەکانیانی ئەو گرووپانەیان کردووەتە ئامانج.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا پلانی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش لە سۆماڵ، عێراق و سووریا لەنێو بردووە و توانیویانە بەرپرسێکی باڵای داعش کە لە لە تەقینەوە تیرۆریستییەکەی 'ئابی گەیت' بەرپرس بوو و لە ئەفغانستان گواستووەتە بۆ ژێر دەستی هێزەکانی ئەمەریکا.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەم هەنگاوانە پابەندبوونی ئەوان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیشان دەدات.

هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لەو بارەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) دووپاتی کردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن.

هەروەها نیگەرانیی خۆیان لەبارەی بە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی هەر دوو ڕێکخراوی داعش و قاعیدە پیشاندا و ستایشی ئەو وڵاتانەی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەردەوام بوون لەکارەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، سووریا و سۆماڵ، کە ئەمەش بووەتە هۆی سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش.

رۆژی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، ژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ئەمنی سووری بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لە شارۆچکەی ئەتمێ لە پارێزگای ئیدلب، هێرشیان کردووەتەوە سەر داعش و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئەو گرووپەیان کوشتووە.

هەر لە هەمان ڕۆژ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی هەڕەشەی داعش كۆبووه‌وه‌ و لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنەکە پێیان وابوو، داعش هێشتا له عێراق و سووریا چالاکه، هەروەها دۆخی سووریا لەرزۆکه و داعش بۆشاییه ئەمنییەکان دەقۆزێتەوه و له چەند ناوچەیەک بۆ هێرشەکانی پاڵپشتیی هەیه.