واشنتن ڕێگری لە ئۆکرانیا دەکات مووشەکی دوورمەودا دژی ڕووسیا بەکاربهێنێت
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا پشتی بە بەرپرسانی ئەمەریکی بەستووە و ئاشکرای کردووە، پنتاگۆن بە شێوەیەکی نهێنی ڕێگری لە ئۆکرانیا دەکات سیستەمی مووشەکی دوورمەودای تاکتیکی (ATACMS) کە لەلایەن ئەمەریکاوە دابینکراوە، بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لەناو خاکی ڕووسیادا بەکاربهێنێت. ئەم بڕیارە تواناکانی کیێڤی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و وەڵامدانەوەی هێرشەکانی مۆسکۆ سنووردار کردووەتەوە.
بەگوێرەی وتەی بەرپرسان، میکانیزمێکی ڕەزامەندی ئاستبەرزی نهێنی لە وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) پەیڕەو دەکرێت، لە کۆتایی وەرزی بەهاری ڕابردووەوە ڕێگەی نەداوە ئۆکرانیا ئەم مووشەکانە بۆ ئامانجەکانی ناو ڕووسیا بەکاربهێنێت. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، بەلایەنی کەمەوە لە یەک حاڵەتدا، کیێڤ داوای کردووە سیستەمەکە لە دژی ئامانجێک لەسەر خاکی ڕووسیا بەکاربهێنێت، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە ڕەتکراوەتەوە.
ئەم سیاسەتە نوێیە لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فشاری زیاتری خستووەتە سەر بابەتی دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، ئێلبریج کۆلبی، یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری سیاسەت، "میکانیزمێکی پێداچوونەوە"ی داڕشتووە بۆ هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانی ئۆکرانیا. بەپێی ئەم میکانیزمە، بڕیاری کۆتایی لەسەر بەکارهێنانی مووشەکەکانی ATACMS، کە مەودایان دەگاتە 300 کیلۆمەتر، لە دەستی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکادایە.
سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ترەمپ پێچەوانەی ئەو بڕیارەیە، لە کۆتایییەکانی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا درا، کاتێک ڕێگە بە ئۆکرانیا درا بە شێوەیەکی سنووردار مووشەکی ATACMS بۆ لێدانی ئامانجەکان لەناو ڕووسیادا بەکاربهێنێت.
کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ زۆر ڕوون بووە لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا." هەروەها جەختی کردەوە "وەزیر هێگسێت بە هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کاردەکات."
هەروەها بەرپرسانی پنتاگۆن و ئۆکرانیا ئامادە نەبوون لەسەر ئەم ڕاپۆرتە هیچ لێدوانێک بدەن.