فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

دوابەدوای "شەڕی ١٢ ڕۆژە" کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕوویدا، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندیان کرد لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیلدا.

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دووبارە بکاتەوە، ئەوا "وەڵامێکی پڕ لە ئازاری دەبێت کە وا دەکات زیاتر لە شەڕی 12ڕۆژەی ڕابردوو پەشیمان بێتەوە." 

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری محەممە پاکپوورەوە بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە و هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئیسرائیل بە وەڵامێکی پڕ لە ئازارەوە بەرەوڕوو دەبێتەوە کە زۆر زیاتر لە شەڕی 12 ڕۆژەی ڕابردوو پەشیمان دەبێتەوە لە کارەکانی.

لای خۆیەوە عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، زانیاریی نوێی لەبارەی ئەو شەڕەوە ئاشکرا کرد کە لە 13ـی حوزەیرانەوە تا 24ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام بوو. ناسرزادە ڕایگەیاند، "لە شەڕی 12 ڕۆژەدا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی ئاسایی نەبووینەوە. لە پشت ئەم شەڕەوە، ئەمەریکا بە هەموو توانای خۆیەوە ئامادەبوو، هەروەها هەندێک وڵاتی ئەوروپی و ڕۆژئاواییش لە ڕووی لۆجستی و کەرەستەوە پشتیوانییان دەکرد."

گوتیشی "بۆیە باوەڕم وایە ئێمە ڕووبەڕووی یەکێک لە بەهێزترین هێزە سەربازییەکانی جیهان بووینەوە. لەگەڵ ئەوەی جیاوازی لە هێزدا هەبوو، بەڵام لە بەرەکانی شەڕدا، سەرکەوتن تەنها بە ژمارە و کەرەستە نییە. فاکتەری دیکەش هەن کە ئێمە بە سەرکەوتوویی بەکارمان هێنان."

وەزیری بەرگریی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر شەڕەکە درێژەی بکێشایە، توانای بەرگریی ئیسرائیل لاواز دەبوو و دەشڵێت "ئەگەر شەڕەکە لەبری 12ڕۆژ، 15 ڕۆژی بخایاندایە، ڕەنگە لە سێ ڕۆژی کۆتاییدا ئەوان (ئیسرائیلییەکان) نەیانتوانیایە یەک مووشەکیش بگرنەوە. بەرگریی ئاسان نییە."

بەرەبەیانیی  13-06-2025، جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد، هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.