هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر بەردەوامە
سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025 ڕایگەیاند، هەڵمەتی گرتنی سەگە بێلانەکان بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزی دەستی پێکردووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێردا هاتووە؛ ڕۆژانە 30 تا 40 سەگی بێلانە ڕەوانەی شەڵتەر دەکرێن و لەلایەن ڤێتێرنەری هەولێرەوە، 10 بۆ 15 سەگ ڤاکسین دەکرێن و نەشتەرگەریی نەزۆک کردنیان بۆ دەکرێت، دواتر پاش ئەوەی دڵنیا دەبنەوە لەوەی مەترسیان بۆ سەر کۆمەڵگە و هاووڵاتییان نابێت لە شەڵتەرە دەردەکرێن و بەڕەڵا دەکرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار سەگی بێلانە دوای نەشتەرگەریی و ڤاکسینکردن، بەڕەڵای ژینگەیەکی ئازاد کراون.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ دروستکردن و کردنەوەی شەڵتەری ئاژەڵە بێلانەکان، تاوەکو ئێستا 18 هەزار سەگی بێلانە لەناو شاری هەولێر کۆکراوەتەوەو ڕەوانە شەڵتەرەکە کراوە، ڕۆژانەش لەلایەن ستافی شەڵتەرەکەوە نزیکەی 8 بۆ 10 تۆن خۆراک بە سەگە بێلانەکان دەدرێت و چاودێری تەندروستیان دەکرێت.