کارەبای %80ـی گەڕەکەکانی سلێمانی بووەتە 24 کاتژمێری

گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت: پرۆسەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری ناوەندی شاری سلێمانی بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا %80ی گەڕەکەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری و دوای تەواوکردنی ناوەندی شارەکە، پرۆژەی ڕووناکی لە قەزا و ناحییەکان جێبەجێ دەکرێت.

یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، سیروان محەممەد، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: بە کاتێکی کەم کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە زیاتر لە 200 گەڕەکی ناو شاری سلێمانی، کە %80ـی ناوەندی شارەکە بووەتە پرۆژەی ڕووناکی، هاوکات جێبەجێکردنی پرۆژەکە بەردەوامە و بەر لە کۆتایی ئەمساڵ ئەو %20ـی ماوە، کارەبای گەڕەکەکانی دیکەش دەکرێتە 24 کاتژمێری.

بەگوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن 722 هەزار و 500 هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون، لە نێویاندا 976 هەزار و 500 هاووڵاتیی دانیشتووانی ناوەندی سلێمانین.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و دوای گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری، زیاتر لە 518 مۆلیدە لە ناوەندی سلێمانی کوژێندراوەتەوە، کە لە ڕووی دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە، هاوتای 90 هەزار ئۆتۆمبێل بووە لە پیسکردنی هەوا.

بڕیاریشە دوای تەواو بوونی ناوەندی سلێمانی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بە سەرجەم ماڵەکان، پرۆژەکە لە قەزا و ناحییەکان جێبەجێ بکرێت، لەمبارەوە ئەردەلان محەممەد، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی بگۆڕەکان (محاویلە)، چاوەڕوانن لە ماوەیەکی کورتدا، پرۆژەی ڕووناکی بگاتە ناوەندی چەمچەماڵ و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دابین بکەین.

پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بەگوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی شاری هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی کوژاندنەوەی موەلیدەی گەڕەکەکان و شوێنە بازرگانییەکان.